گوندێکی سنووری پێنجوێن بۆردوومان کرا
                        گوندی بادانە لە سنووری ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە پێنجوێن بۆردوومان کرا و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی تەمموزی 2024، هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری شاردێی ناڵپارێز سەر بە سنووری پێنجوێن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 07:00 گوندی بادانە لە سنووری ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێن بۆردوومان کرا و هیچ زیانێکی گیانیشی نەبووە.
بە گوتەی هێمن ئیبراهیم، "بە هۆی بۆردوومانەکەوە نزیکەی 50 دۆنمی پووش و پاوان سووتاوە و لە لایەن دانیشتووانی گوندەکەوە کۆنتڕۆڵ کراوە".
هێمن ئیبراهیم ڕاشیگەیاند، سێ ڕۆژیش پێش ئێستا گوندی نزارە بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کرا و لەمساڵدا ئەمە پێنجەمین جارە ناوچەی پێنجوێن بۆردوومان دەکرێت.
گوندی بادانە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە ناحیەی ناڵپارێز دوورە و 25 ماڵی تێدایە.
