عەلی باقری کەنی: ئێران ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن
عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا کە گۆڤاری 'نیوزویک' بڵاوی کردووەتەوە ڕاگەیاندووە، تاران هێشتا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
ئەم لێدوانەی باقری لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیدایە بۆ پێشکەشکردنی وتارێک لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ دا، ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و 5+1 جیهانی کشایەوە. دواتر دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و تاران بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە لەکارکەوت، ئێران هێشتا بەشێکە لەو ڕێککەوتنە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا کە بەسەریدا سەپێنراوە، پابەندییەکانی کەمکردووەتەوە.
گۆڤارەکە لە زاری کەنی بڵاویکردووەتەوە، تاران بەهەمان شێوە بەنیازە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین، ڕووسیا و وڵاتانی دراوسێ بەهێزتر بکات.
باقری کەنی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا دەکات، لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عومانەوە.
مێدیاکانی ئێرانیش لە زاری باقرییەوە بڵاویان کردووەتەوە، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی عومانەوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام پڕۆسەی دانوستانەکان نهێنییە و وردەکارییەکانی تاوتوێ ناکرێت.
لە بەرامبەردا گوتەبێژی ئیدارەی بایدن ڕایگەیاند، ئەمەریکا ئامادە نییە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران دەست پێ بکاتەوە.
هەروەها ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا گوتی: پێشبینی ناکەین هەڵبژاردنی ئێران ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئاراستە و سیاسەتەکانیدا .