ناسرییه.. 20 ساڵە كێشهی كارهبا هەیە و پارک و شوێنی گەشتیارییشی لێ نییە

خەڵکی ناسرییه دەیانەوێت لە دەست بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بڕانی بەردەوامی کارەبا پەنا بۆ پارک و شوێنە گەشتیارییەکان ببەن، بەڵام کێشەیەکی دیکەیان هەیە ئەویش پارێزگاکە پارک و شوێنی گەشتیاریی لێ نییە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کە لە بەشێک لە ناوچەکان گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی، هاووڵاتییانی ناسرییە و زۆرینەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، دەچنە سەر رووباری بەدعە لە باکووری شارەکە بۆ ئەوەی کەمێک لە گەرمای سوتێنەر و بڕانی بەردەوامی کارەبا ڕزگاریان بێت.
هاووڵاتییەکی ناسرییە دەڵێت، "لەبەر گەرمی ماڵەکانمان پەنامان بۆ ئەم جێگەیە هێناوە، کەمێک هەواکەی فێنکترە. جێگەی دیکەم نییە بۆیە پەنام بۆ ئێرە هێناوە. کێشەی کارەبا لەسەردەمی حکومەتەکانی دیکەوە کەڵەکەبووە، هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە".
هاووڵاتییەکی دیکەش ئەوەی خستە ڕوو، "لەگەڵ باوکم هاتووین بۆ ئێرە، چونکە لەماڵەوە کارەبا نییە و پلەی گەرما زۆر بەرزە، هاتووین کەمێ جەو بگۆڕین، هەرجەندە ئێرەش هەر گەرمە".
بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەکانی گەرما و کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا وای کردووە سەدان کەس لە دانیشتووانی ناسرییه و قەزا و ناحییەکانی خۆپیشاندان بکەن. داوادەکەن چیتر پشتگوێ نەخرێن و کارەبای زیاتریان پێ بدرێت. لە هەندێک ناوچەش دۆخەکە ئاڵۆزبووە، پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران ڕوویدا.
هاووڵاتییەک ئاماژەی بەوە کرد، "نزیکەی 20 ساڵە داوا دەکەین کێشەی کارەبا چارەسەر بکرێت. پێنج خولی پەرلەمانی تێپەڕیوە، نازانم چەند سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران هاتن، هیچیان بەهیچ نەکرد". گوتیشی، "خەڵک بۆ رزگاربوون لە گەرما دەیانەوێت بچنە پارک و شوێنە فێنکەکان، بەڵام کێشەیەکی دیکە هەیە ئەویش ئەویە لە ناسرییه پارک و شوێنی گەشتیاریش نییە".
عێراقییەکان داوای چارەسەری رژد و بەپەلە بۆ دۆخی کارەبا و دابینکردنی خزمەتگوزاری باشتر دەکەن تا ژیانێکی شەرەفمەندانەیان هەبێت؛ بەڵام ئایا حکوومەت گوێ لە هاواری گەلەکەی دەگرێت و چارەسەرێکیان بۆ رزگاربوون لەم قەیرانە بۆ دەدۆزێتەوە؟