ئۆکرانیا: لەسەرەتای شەڕەوە تا ئێستا 42 هەزار کەس بزرن

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 42 هەزار کەس لەو وڵاتە بزر بوونە، ئەمەش سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی دەگرێتەوە.

دیمیترۆ بوهاتیوک، سەرۆکی بەشی ونبووانی وەزارەتی بەرگرییە، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئۆکرانیا 'یوکرینفۆرم'ـی گوتووە، ژمارەکە 51 هەزار کەس بووە.

لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، کە دەیان هەزار ئۆکرانی کوژران و ئاوارەبوون، هەروەها بەشێكی زۆریان بە زۆرەملێ گواسترانەوە بۆ خاکی ڕووسیا، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیاش لەلایەن ڕووسیاوە داگیر کراوە.

بوهاتیوک ڕوونی کردەوە، کۆی ژمارەی بێسەروشوێنەکان کەمی کردووە دوای ژماردنی هەزاران دیلی جەنگ؟، تەحەدایەکی دیکە دەکات، ئەویش ناسینەوەی ئەو مردووانەیە کە لە بەرەکانی شەڕدا دەدۆزرێتەوە.

بۆهاتیوک گوتیشی: وەزارەتی بەرگری نمونەی بۆماوەیی لەو سەربازانە وەرناگرێت کە دەیاننێرن بۆ گۆڕەپانی جەنگ. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، سوپای ئۆکرانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراو و بریندارانی سەربازانی ڕووسیا لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا، گەیشتووەتە نزیکەی 562 هەزار و 510 سەرباز، کە 1110 سەربازیان لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوو کوژراون یان بریندار بوون.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا، هێزەکانی ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە هەشت هەزار و 238 تانکیان لەناوبردووە، 15 هەزار و 871 ئۆتۆمبێلی شەڕکەری زرێپۆش و 15 هەزار و 411 سیستەمی تۆپخانە و هەزار و 120 سیستەمی مووشەک  و 893 سیستەمی بەرگری ئاسمانییان لەناوبردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەروەها 361 فڕۆکە، 326 هێلیکۆپتەر، 12 هەزار و 224 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 2 هەزار و 398 مووشەکی کروز، 28 کەشتی جەنگی، یەک ژێردەریایی، 20 هەزار و 741 ئۆتۆمبێل و تانکی سووتەمەنی، هەروەها دوو هەزار و 586 یەکەی کەرەستەی تایبەت لەناوبراون.