وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبری مۆنۆمێنتی ئەنفال، سەربازگەی تۆپزاوە نۆژەن دەکاتەوە
وەزارەتی بەرگریی عێراق بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەربازگەی تۆپزاوە بۆ کردنە مۆنۆمێنت جێبەجێ ناکات و سەربازگەکە نۆژەن دەکاتەوە و دەیکاتە بارەگای فەوجی مەغاویر.
وەزارەتی بەرگریی عێراق بەنیازە سەربازگەی تۆپزاوە لە کەرکووک نۆژەن بکاتەوە و بیکاتە بارەگای هێزی مەغاویری سوپای عێراق، دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن: لەماوەی دە ڕۆژدا چەند جارێک سوپای عێراق بەهێزی سەربازییەوە هاتوونەتە نێو سەربازگەکە و بە دانیشتووانی گوندەکەیان گوتووە، ئەو شوێنە دەکەنە بارەگایەکی سەربازیی، لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی سوپای عێراق، ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن: سەربازگەکە شوێنی ئازار و ئەشکەنجەدانی گەلی کورد بووە، دەبێت بکرێتە مۆنۆمێنت.
سائح ناسیح، دانیشتووی گوندی تۆپزاوە دەڵێت: لە هەموو لایەک فشار لە خەڵکی تۆپزاوە دەکەن، دەیانەوێت دەست بەسەر زەویە کشتوکاڵییەکاندا بگرن، هاوکات دەیانەوێت سەربازگەیەک لەو شوێنە دروست بکەن، ئەمە وا دەکات خەڵکی تۆپزاوە کۆچ بکەن و سنوورەکە بەجێ بێڵن، بەو شێوەیەش ناوچەکە تەعریب دەکرێت.
هێمن حەسیب، چالاکوانی بواری جینۆساید گوتی: لەماوەی دە ڕۆژدا سووپای عێراقی دوو جار هاتووەتە تۆپزاوە و ڕووپێویی کردووە بۆ ئەوەی سەربازگەکە نۆژەن بکەنەوە بیکەنە بارەگای فەوجی مەغاویر، ئەو هەوڵەش چەندین پێشێلکاری تێدایە، لەوانەش پێچەوانەی بڕیاری ژمارە 30 ساڵی 2012 کە ئەو شوێنانە هی جووتیارانی کوردن و پێویستە بۆیان بگەڕێنرێتەوە.
ئافرەتێکی بەتەمەنی تۆپزاوەش دەڵێت: چۆن دەبێت ئازارەکانی کورد لەبیر بکرێن، پێویستە نەوەکانمان یەک لەدوای یەک بزانن کورد چی بەسەر هاتووە.
لەمانگی ئاداری ڕابردوو، لەسەر داوای ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە دەزگای شەهیدانی عێراق کردووە سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنتی ئەنفال، بەڵام وەزارەتی بەرگریی عێراق کار بەم نووسراوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناکات و دەیەوێت سەربازگەکە نۆژەن بکاتەوە.