موخلیس سەلیم: لە عێراق کوالێتیی پرۆژەکانی وەبەرهێنان زۆر خراپە
K24 – هەولێر:
شارەزایەکی یاسای بازرگانیی و وەبەرهێنان، دەڵێت: حکوومەتی عێراق پلانی نییە بۆ کەرتی نیشتەجێبوون، هەروەها کوالێتیی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە عێراق، زۆر خراپە.
موخلیس سەلیم، شارەزای یاسایی بازرگانیی و وەبەرهێنان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هاووڵاتییانی عێراق سوود لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان وەرناگرن. حکومەتی عێراق پلانی نییە بۆ کەرتی نیشتەجێبوون، هەروەها کوالێتی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە عێراق زۆر خراپە.
هاوکات گوتیشی: "شانازی بە یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەکەین".
هەر لەم بارەیەوە سەنتەری ستراتیجیی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: تاوەکو ساڵی 2027 پێویستە لە عێراق چوار ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ چارەکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی دروست بکرێن.
فەرمانگەی ڕووپێویی نیشتمانیش ئاماژە بەوە دەکات: 74%ـی هاووڵاتییان لە عێراق خاوەنی خانووی خۆیانن لە 26% کرێچین یان لەیەکەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکیدان، هاوکات توێژەرێکی بواری ئابووریش دەڵێت: 120 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەقۆناغی جێبەجێکردندان بەڵام بەر لە تەواوبوونیان بەسەر بەرپرساندا دابەش کراون.