چپسی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئوردن و سعوودیە دەکرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەممووزی 2024، لە ڕێوەڕەسمێکدا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزیری بازرگانی و تیمی حکوومەت، چپسی پەتاتەی هەرێمی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئوردن و سعوودیە کرا.
بڕی هەناردەکراوەکە بریتی بوو لە 10 هەزار کارتۆن و بە پێنج بارهەڵگر هەناردەی هەر یەک لە ئوردن و سعوودیە کرا.
لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا، محەممەدشوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و سەروەر هاواری، بریکاری وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان پرۆسەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی چپسی هەرێمی کوردستانیان لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند.
محەممەدشوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ فاکتەرێک بوو بۆ زیادکردنی بەرهەمی پەتاتە و هەناردەکردنی چپس بۆ دەرەوەی وڵات.
گوتیشی: ئەمە ئەو بەرهەم و دیدگەیە بوو کە سەرۆکوەزیران بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ هەیبوو، ئێستاش بەشێک لەم بەرهەمە ناوخۆییە هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕاشیگەیاند، پلان و بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لەمەودوا هەموو ئەو خۆراک و پێداویستیانەی گرنگن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنرێن و ئەوەشی لە بەشی خۆبژێوی زیاتر بێت هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت بۆ ئەوەی سوود لە داهاتەکەی وەربگیرێت.
هەروەها سەروەر هاواری بریکاری وەزیری بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کوردستان لە وەڵامی کوردستان24 گوتی: ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەشەی ئابووریی و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە بەڵێنەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کە بە خاوەنکار و پیشەوەرانی دابوو.
گوتیشی: ئەم کارگەیەی چپسە، هەنگاوێکی گرنگە و هەم کەرتی کشتوکاڵی خستووەتە کار هەم کەرتی بازرگانی، جیا لەم دوو کەرتەش، زۆرینەی کرێکارەکانی کارگەی چپس کرێکاری ناوخۆیین، هەربۆیە پیشەسازییەکی باش، بازرگانییەکی باش دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە سیمایەکی پێشکەتووی پیشەسازی و بازرگانی بۆ هەر وڵاتێک و هەمە چەشنکردنی داهات.