لە نوێترین ریزبەندی هەڵبژاردەكانی جیهان گۆڕانكاری گەورە روویداوە

ئیسپانیا و ئارجێنتینا دوای بردنەوەی ناسناوەكانی یۆرۆ و كۆپا ئەمریكای 2024
ئیسپانیا و ئارجێنتینا دوای بردنەوەی ناسناوەكانی یۆرۆ و كۆپا ئەمریكای 2024

لە نوێترین پۆلێنی فیفا بۆ باشترین هەڵبژاردەكانی جیهان، هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە پێشەنگی جیهان مایەوە، عێراقیش 3 پلەی دیكە بۆ سەرووی ریزبەندییەكە سەركەوت.
فیدرسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە (فیفا) نوێترین ریزبەندی بۆ باشترین هەڵبژاردەكانی جیهان بڵاوكردەوە و ئارجێنتینا دوای بردنەوەی كۆپا ئەمریكا شوێنی خۆی لە لوتكەی جیهان قایمتر كرد، هەڵبژاردەی فەرەنساش لە شوێنی خۆی لە خانەی دووەم مایەوە، بەڵام ئیسپانیا دوای بردنەوەی یۆرۆی 2024 پێنج پلە بۆ سەرووی ریزبەندی سەركەوت و خانەی سێیەمی گرت، هەڵبژاردەی ئینگلاندیش یەك پلە بۆ سەرەوە هەڵكشا و لە چوارەم دەبینرێت، بەرازیل پلەیەك بۆ خوارەوە دابەزی و پلەی پێنجەمی گرتووە. هەڵبژاردەكانی بەلجیكا، هۆڵەندا، پۆرتوگال، كۆلۆمبیا و ئیتاڵیا لە پلەكانی شەشەم تا دەیەم دێن.

.

 

لە لایەكی دیكەیشەوە هەڵبژاردەی مەغریب لە پلەی چواردەیەم دێت و پێشەنگی باشترین هەڵبژاردەكانی كیشوەری ئەفریقای گرتووە و لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەكانیش بەرزترین پلەی هەیە.
لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا هەڵبژاردەی ژاپۆن پێشەنگی گرتووە و لە ریزبەندی جیهانیش لە پلەی هەژدەیەم دێت.
هەڵبژاردەی عێراق لە ریزبەندی جیهانی 3 پلەی دیكە بۆ سەرەوە هەڵكشا و لە خانەی 55ـی باشترینی جیهان دێت و پێش هەڵبژاردەی سعوودیە كەوتووەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە بەرزترین پلەی عێراق لە ریزبەندی جیهان مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2004 بوو كاتێك هەڵبژاردەی عێراق بۆ ریزبەندی 39ـی باشترین هەڵبژاردەكانی جیهان سەركەوت، دوای ئەوەی گەیشتە یاریی پێشكۆتایی ئۆڵمپیكی ئەسینا.
لە نوێترین ریزبەندی فیفا ئەم ئامارانە تۆمار كراون:
ـ ڤینزویۆلا تاكە هەڵبژاردەیە زۆرترین پلە بۆ سەرووی خۆی سەركەوتووە كە 17 پلە بۆ سەرەوە هەڵكشاوە، واتە لە پلەی 54 بۆ ریزبەندی 37 سەركەوتووە.
ـ ئیسپانیا تاكە هەڵبژاردەیە زۆرترین خاڵی لەم ماوەیە كۆكردووەتەوە 105 خاڵە
ـ چیك تاكە هەڵبژاردەیە زۆرترین پلە بۆ خوارەوە دابەزیوە كە 13 پلەیە

ریزبەندی باشترین هەڵبژاردەكانی عەرەبی لەسەر ئاستی جیهان
ریزبەندی باشترین هەڵبژاردەكانی عەرەبی لەسەر ئاستی جیهان