ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین بە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا هەڵبژێردرایەوە

ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا
ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا

پێنجشەممە 18ی تەممووزی 2024، پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەورووپا، ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاینیان بە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا هەڵبژاردەوە و بۆ پێنج ساڵی دیکە لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ڕێکخراوی یەکێتیی ئەورووپا لە ستراسبۆرگ، دوای ڕەزامەندیی هەر 27 وڵاتەکەی ئەندام لە ڕێکخراوەکە ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین بە سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای یەکێتیی ئەورووپا هەڵبژێردرایەوە.

پرۆسەی دەنگدانەکە بە نهێنی بەڕێوەچوو، بەڵام بە گوێرەی ئەنجامەکان ڤۆندەرلاین 401 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 284 دەنگی دژ، لەگەڵ 15 دەنگی بێلایەن و 7 دەنگی پووچەڵ بۆ خوولی دووەمی سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنی باڵای یەکێیی ئەورووپا هەڵبژێردرایەوە. بەمەش ئەو خانمە بەڕەچەڵەک ئەڵمانییە توانی زۆرینەی دەنگ بە دەست بهێنێت و تاوەکوو پێنج ساڵی دیکە لە سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنە بمێنێتەوە.

سەرەتای مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بەڕێوەچوو بەگوێرەی دوا ئەنجامەکان، پارتە راستڕەوەکان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەورووپایان برد و بە پێچەوانەشەوە کورسیی پارتی سەوز و لیبڕاڵەکان کەمیکردووە.

Fly Erbil Advertisment