قیرغیزستان 22 هاووڵاتیی خۆی لە کەمپی هۆل و ڕۆژ گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەم دواییانە کۆماری قیرغیزستان 22 هاووڵاتیی خۆی، کە پێکهاتوون لە ئافرەت و منداڵ لە کەمپی هۆل و ڕۆژ لە ڕۆژاوا گەڕاندووەتەوە.
ئاشکراشی دەکات، ئێستە قیرغیزستان لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە دەیانەوێت هاووڵاتییانیان لەو دوو کەمپە بگەڕێننەوە و لە 2023ـەوە تا ئێستەش زیاتر لە 450 هاووڵاتیی خۆی گەڕاندووەتەوە.
کەمپی هۆل و ڕۆژ، ئەو دوو شوێنەی هەزاران ئافرەن و منداڵی چەکدارانی داعشیان تێدایە و بە بۆمبی کاتیی ناو دەبردرێن، یەکێک لەو وڵاتانەی هەوڵی ڕژدی داوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لەو دوو کەمپە، قیرغیزستانە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند "لە نوێترین هەوڵی گەڕاندنەوەی دانیشتووانی کەمپی هۆل و ڕۆژ، 22 ئافرەت و منداڵی قیرغیزی لەلایەن کۆماری قیرغیزستانەوە گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتی خۆیان".
ئاماژەی بەوەش دا "لە 2023ـەوە قیرغیزستان 454 هاووڵاتیی خۆی گەڕاندووەتەوە، تەنیا لە 2024 نزیکەی 228 کەس لەو دوو کەمپە بۆ وڵاتانی خۆیان گەڕێندراونەتەوە. ئێستە قیرغیزستان پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە هاووڵاتییانیان لە کەمپی کەسوکارەکانی داعش دەگەڕێننەوە".
هەروەها 121 هاووڵاتی قیرغیزستان لە کەمپی هۆل و ڕۆژ بە هاوکاری ئەمەریکا گەڕێندراونەتەوە، بۆ ئەم کارەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کارەکانی کۆماری قیرغیزستان جێگەی دەستخۆشییە.
سەرەتای ئەم مانگە، بەشی چاودێرانی منداڵانی ڕووسیا ڕایگەیاند، کۆمیسیاری سەرۆکایەتیی بۆ مافەکانی منداڵان، 20 منداڵی ڕووسی کە لە کەمپی هول بوون گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکانیان.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئێستە نزیکەی 27 هەزار کەس لە 60 وڵاتی جیاواز لە کەمپی هۆل و ڕۆژ جێگیر کراون، زۆرینەیان منداڵن و تەمەنیان لەخوار 12ساڵیدایە.
