مووچەخۆرانی عێراق هەڕەشەی مانگرتنی سەرتاسەری دەکەن

ئەمڕۆ شەممە 20ی تەممووزی 2024، سەدان مووچەخۆری فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق لەبەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا گرد بوونەوە و داوای ڕێکخستنەوە مووچەکانیان کرد.
یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە ناوی ویسام ئەحمەد، بە مێدیاکارانی عێراقی ڕاگەیاندووە، گردبوونەوە و ناڕەزاییدەربڕینەکانی ئەمڕۆیان بەهۆی ئەو نادادپەروەریی و جیاوازەییەیە لە نێوان مووچەی مووچەخۆرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت هەیە.
گوتیشی: داوا لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین پێوەر و پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەران هەموار بکەنەوە و هاوتا بکرێن، چونکە فەرمانبەرێکی ئەنجوومەنی وەزیران، پەرلەمان و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی دیکە مانگانە مووچەکەی سێ ملیۆن دینار، کەچی فەرمانبەرێک بە هەمان بڕوانامە پلەوە لە وەزارەتەکانی دیکە مووچەکەی تەنیا 500 هەزار دینارە.
خۆپیشاندەرێکی دیکە بە ناوی ئەحمەد مونعیم، مووچەخۆری وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێ "ئەم خۆپیشاندانە یەکەم و دوایین خۆپیشاندانیش نابێت بۆ ئەوەی مووچەخۆران داوای ڕێکخستن و هاوتاکردنی پێوەری نوێی دابەشکردنی مووچە بکەن". گوتیشی "ئەنجوومەنی ڕێکخەری خۆپیشاندەران مانگێک لەمەبەر لەگەڵ سوودانی کۆبوونەوە و بۆ ئەوەی هەمواری یاسای دابەشکردنی مووچە بکرێ، بۆ ئەمەش سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنیشی دا، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە، هەربۆیە ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن ئەوە ناڕەزایی دەربڕینەکەمان دەبێت مانگرتنێکی سەرتاسەری.
پێشتریش پەرلەمانتاری عێراق ڕائید مالیکی، ئەنجوومەنی وەزیرانی بە هەموارنەکردنی ڕیزبەندی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی کەرتی گشتیی تۆمەتبار کرد و داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد یاسای ئەنجومەنی خزمەتگوزاری مەدەنی فیدراڵی بنێرێت بۆ یاسادانان.