به‌ریتانیا پێشمه‌رگه‌ ساڕێژ ده‌كات

ھیند و ئیمارات و تورکیا زۆرترین برینداری پێشمەرگەیان چارەسەر کردووە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/dd4c9ad2-d0d0-4d3d-b157-34146ecbbd97/baritanya%20charasari%20peshmarga%20dakat.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

حکوومەتی بەریتانیا بە ھەماھەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان، کۆتاییان بە سەرجەم ئامادەکاريیەکان ھێناوە، بۆ ئەوەی ژمارەیەک پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعش، بۆ چارەسەر بنێردرێنە ئەو وڵاتە.

سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیاش دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە، مەسەلەکە بە جدی وەربگرن و بە زوويی رێکارە پێویستەکان بگرنه‌به‌ر.

لە ماوەی دوو ساڵی شەڕی داعش، ھەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە ھەشت ھەزار پێشمەرگەی بریندارە، فەرمانگەی پەیوەنديیەکانی دەرەوەش بەردەوام دەیەوێت ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتان دروست بکات, بۆ ناردنە دەرەوەی بریندارەکان، نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمیش لە بەریتانیا بە ھەماھەنگی لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە, حکومەتی بەریتانیایان ناچارکردووە، چارەسەری ژمارەیەك پێشمەرگەی بریندار لە ئەستۆ بگرێت.

لەناو بریندارەکانی شەڕی داعش, نزیکەی 100 بریندار پێویستیان بە چارەسەری دەرەوەی وڵات ھەیە، کە ئێستا 60 بریندار مامەڵەکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگەیە و رێکارە پێویستەکانی ناردنە دەرەوەیان بۆ کراوە، لەگەڵ 12 پێشمەرگەی برینداری دیکە, کە لە چەند رۆژی داھاتوودا بە مەبەستی چارەسەر بۆ وڵاتی ھەنگاریا چارەسەر دەکرێن.

پێشتریش زیاتر لە 100 پێشمەرگە لە وڵاتانی ھاوپەیمانی شەڕی داعش بەدەر لە رێککەوتننامە سەربازیيەکان چارەسەریان بۆ کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەریەکە لە وڵاتانی ھیند و ئیمارات و تورکیا لە ماوەکانی رابردوودا زۆرترین برینداری پێشمەرگەیان چارەسەر کردووە.