محەممەد كەمال: پارتی هیچ ڕێککەوتنێکی شاراوەی لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکەوە نەکردووە
K24 – هەولێر:
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، ئاماژە بەوە دەکات: تا ئێستە ڕێککەوتنێکی ئیمزاکراو نییە لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، تەنیا لەسەر پرسەکە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بەردەوامە.
محەممەد كەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ نێوان حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک، بە تەنیا لەسەر پرسی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک نەبوو، بەڵکو گفتوگۆمان لەسەر ژمارەیەک پرسی هەستیار و گرنگ کرد.
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، باسی لەوە کرد: لەگەڵ لایەنەکان بیروڕاکانیان لەیەکەوە نزیک بوو، هەروەها لەگەڵ ئەوەن کوردێک ببێتە پارێزگاری کەرکووک و بە دڵی هەموو لایەک بێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا: پارتی داوای لە یەکێتیی کردووە چەند ناوێک پێشکەش بکەن، پارتیش چەند ناوێک پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی هەردوولایان گفتوگۆ بکەن لەسەر دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی پاریزگاری کەرکووک، بەڵام تا ئێستە یەکێتیی ناوەکانی ئامادە نەکردووە.
هیوادارە لەو ماوەیەی کە نزیکەی 20 ڕۆژی ماوە هەموو لایەک لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش ڕێکبکەون بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کە کورد بێت و خەڵکی کەرکووک بێت. جەختی لەوەش کردەوە، یەکەم پارێزگار دوای 2003 کاتێک بۆ کەرکووک دانرا، پارێزگارێکی بێلایەن بوو، پارتی و یەکێتیی لەسەری ڕێککەوتبوون و هەموو پێکهاتەکانیش ڕازی بوون و کێشەیان نەبوو.
ناوبراو پێی وایە، پارێزگارێکی حزبیش دەتوانێت کەرکووک بەڕێوە ببات بەو مەرجەی بە ڕەزامەندی هەموو لایەن و پێکهاتەکان بێت.
لەبارەی ڕێککەوتنی شاراوە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک، محەممەد کەمال، گوتی: "پارتی بە دزییەوە کار ناکات و ژێربەژێریش کار ناکات، پارتی هەمیشە بە ئاشکرا کاری کردووە باشترین بەڵگەش ڕیفراندۆمە، گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوامە بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک".
هاوکات گوتیشی: تا ئێستە ڕێککەوتنێکی ئیمزاکراو نییە لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەڵام ئەوەی کە هەیە گفتوگۆکان بەردەوامە بۆ ئەم مەبەستە.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا، وەک پارتی مافی خۆیانە باسی کوردستانیبوونی کەرکووک بکەن و دەڵێت: بارزانی نەمر شۆڕشێکی 14 ساڵە و هەموو ژیانیشی لەسەر کەرکووک دانا و کەرکووکی وەک دڵی کوردستان ناساندووە.
یەکشەممە 21ـی تەمووزی 2024، کۆبوونەوەی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک بەڕێوەچوو. هاوکات داوا لە لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێنن بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.
حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک، جەخت لەوە دەکەنەوە کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و دەبێت کوردێک ببێتە پارێزگار.لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا هەموو حزبەکان هاوڕابوون لەوەی لەکاتی پێویستدا کۆبوونەوەی بەرپرسی یەکەمی حزبەکان بکرێت.
ڕۆژی پێنجشهممه 11ـی تهممووزی 2024، كاتژمێر 5ـی ئێواره ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک چوونه هۆڵی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەستی پێ کرد. سەرجەم ئەندامانی ئهنجوومهنهكه ئامادەی كۆبوونهوهكه بوون و بەرنامەی کار خوێندرایهوه.
ڕاکان جبووری وەک بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە دانیشتنەکەی بەڕێوە برد و گوتی: بەشداریی هەموو لایەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا زۆر گرنگە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک نەکراوە، ئەمە کارێکی زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزاریی و سەقامگیری.
باسی لەوەش کرد، "کەرکووک بۆ عێراق زۆر گرنگە هەروەها خەڵکەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنی پێکەوەژیان لە عێراقدا هەبووە".
لای خۆیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: بە دڵنیاییەوە کوردێک دەبێتە پارێزگار بەهۆی ئەوەی کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی بەدەست هێناوە. جەختی لەوەش کردەوە: ڕێککەوتن لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە کراوە کە پێکەوە ئیدارەی پارێزگاکە بکەن بە هاوبەشی.
ڕۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.
رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).
بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان ئەو 16 کورسییە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.
