بەغدا.. کەسێک بە کوژراوی لە ماڵەکەی دۆزرایەوە و گومان لە کەسە نزیکەکانی دەکرێت
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا ئاشکرای کرد، لە تاجی، باکووری بەغدا کەسێک بە کوژراوی لە ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە و هەر لە نێو ماڵەکەدا دەمانچە و چەقۆیەکی خوێناوی دۆزراوە.
سەرچاوەکە بە مێدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، لە ناوچەی تەی لە کەنار ڕووباری تاجی لە باکووری بەغدا، پیاوێک بە کوژراوی لە نێو ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە و گومان لە برایەک و مامێکی کوژراوەکە دەکرێت تاوانەکانی کرد بێت، بەو پێیەی هەردووکیان لەگەڵ کوژراوەکە لە هەمان ماڵدا ژیاون، بەڵام ئێستا نادیارن.
هەروا ئاماژەی داوە، دوای پشکینینی ماڵەکە تیمەکانی بەڵگە و تاوان، توانیویانە دەمانچەیەک و چەقۆیەکی خوێناوی بدۆزنەوە و بۆ بەشی لێکۆڵینەوە و شوێن پەنجە هەڵگرتن بردراوە.
لە بارەی گومانەکانەوە، سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی داوە، گومان لە برا و مامێکی کوژراوەکە دەکەن بەهۆی ناکۆکیی نێوخۆیی خێزانییەوە کوشتبێتیان، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ گومانلێکراوێک دەستگیر نەکراوە.