کامالا هاریس لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆ دەبێتەوە
ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ ڕایگەیاند، یاریدەدەرێکی کاملا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پێی ڕاگەیاندوون، لە سەردانەکەی ناتانیاهۆ بۆ ئەمەریکا لەگەڵ هاریس کۆ دەبێتەوە.
یاریدەدەرەکە ئاماژەی بەوەدا، کە هاریس بەشداریی وتارەکەی نەتانیاهۆ لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا ناکات، بەڵکو لەم هەفتەیەدا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵدا دەکات.
بە گوتەی ئەو یاریدەدەرە، هاریس بەنیازە "پشتیوانیی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و مافی بەرگریی لە خۆی، دووپات بکاتەوە"، بەڵام بۆچوونی خۆی دەگەیەنێت بەوەی کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت بە شێوەیەک گەرەنتی ئاسایشی ئیسرائیل بکات. هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن، گەلی فەڵەستینیش بتوانێت چێژ لە مافی کەرامەت و ئازادی و چارەنووسی خۆی وەربگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارە تاوتوێی بەرەوپێشچوونی ڕاوێژکارییە بەردەوامەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بکرێت.
پێشتر کۆشکی سپی کۆبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراوی نێوان جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانەکەی بۆ واشنتۆنی ڕاگەیاندبوو.
بایدن بڕیاری کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند، هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ کاندیدابوونی کامالا هاریس بۆ کاندیداکردنی هەڵبژاردنەکان بۆ پارتی دیموکرات دەربڕی.
دیبەیتەکەی 27ـی حوزەیرانی 2024ـی نێوان بایدن و ترەمپ، بەهۆی لاوازیی ئەدای بایدن لە وەڵامدانەوەی ترەمپ و قسەکردندا، دیموکراتەکانی نیگەران کرد، ئەمەش وای کرد فشارێکی زۆر لەنێوخۆی ئەو حزبە لەسەر داواکردن بۆ کشانەوەی بایدن دروست ببێت، تا دواجار بایدن بڕیاری کشانەوەیدا و پشتیوانی خۆشی بۆ هاریس ڕاگەیاند.
کامالا هاریس تەمەنی 59 ساڵە، نزیکەی 20 ساڵ لە ترەمپ بچووکترە و ئەوەی لە ترەمپ و ڤانسی جێگری جیا دەکاتەوە، دەتوانێت سەرنجی هەموو ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا ڕابکێشێت و بە شێوازێکی جیاوازتر ڕووبەڕووی کۆمارییەکان ببێتەوە.
هاریس لە باوکێکی جامایکایی و دایکێکی هیندی لەدایک بووە، لە 2010 بووە یەکەم ڕەشپێست کە وەک داواكاری گشتیی کالیفۆرنیا کاربکات و لە 2016ـش بووە یەکەم ئافرەتی ئەمەریكیی-هیندی کە بووە ئەندام لە ئەنجوومەنی سێناتی ئەمەریكادا. هاوکات لە 2020ـشدا یەکەم ئافرەتی ڕەشپێستی ئەمەریكی بوو، وەک کاندیدای جێگری سەرۆکی ئەمەریكا بچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردن و ببێتە یەکەم ئافرەت وەک جێگری سەرۆکی ئەمەریكا.