تەندروستیی جیهانی هۆشداری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجی لە غەززە دەدات

منداڵانی کەرتی غەززە
منداڵانی کەرتی غەززە

ئایادیل ساپاربیکۆڤ، بەرپرسی دۆخی تەندروستی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین سەر بە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیگەرانی خۆیی ڕایگەیاند لەوەی ترس هەیە ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان لە کەرتی غەززە بڵاو ببێتەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان گوتی: لە ئاوەڕۆکانی کەرتی غەززە ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان دۆزراوەتەوە و ئەمەش جێگەی نیگەرانییە و ترس هەیە ڤایرۆسەکە بە خێرایی بڵاوبێتەوە.

ساپاربیکۆڤ، هۆشداری دا لەوەی دوور نییە نەخۆشییە گوازراوەکان لە کەرتی غەززە ببێتە هۆی مردنی خەڵکێکی زیاتر، بەمەش ئامارەکان پێچەوانە ببێتەوە و مردن و کوشتن بەراورد بە برینداربوون زیاتر بێت.

هەروەها ئاشکرای کردووە، ئەو بریندار و نەخۆشانەی پێویستیان بە چارەی تەندروستیی هەیە لە دەرەوەی کەرتەکە، گەیشتووەتە سەرووی 14 هەزار کەس، دەشڵێت: ئەگەر چارەی بە پەلەی نەگیرێتەبەر بە دڵنیاییەوە کۆنترۆڵی دۆخەکە لە دەست دەردەچێت و ناتوانرێت پێشی لێ بگیرێت.

پێشتریش تیمی تەندروستیی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، لە ئاوەڕۆکانی چەند ناوچەکەی کەرتی غەززە ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵانیان دەست نیشان کردووە، هەر بۆیە ڤاکسین و دەرمانی پێویستیان بۆ سەربازەکانیان دابین کردووە.