دهۆک.. لە ئەنجامی سووتان و تەقینی تانکییەکی نەوت، دوو منداڵ سووتان

لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک لە ئەنجامی گڕگرتن و تەقینەوەی تانکییەکی نەوتی سپی، دوو منداڵی تەمەنی هەشت ساڵان و نۆ ساڵان سووتان، ڕێژەی سووتاوی یەکێکیان %90 زیاترە.
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی دهۆک تایبەت بە کوردستان24 گوت: دوای ئاگادارکردنەوەمان لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سەربانی ماڵێک، تیمەکانمان توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئاگرەکەوە دوو منداڵ سووتاون، کە ڕێژەی سووتانی یەکێكیان زیاترە لە 90% و ئەوەی دیکەیان ڕێژەی سووتاوییەکەی %25 و هەردووکیان گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
لەبارەی چۆنێتی ڕووداوەکەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی گوتی: ئەو دوو منداڵە لە سەربانی ماڵەکەیاندا یارییان کردووە و دەستکاریی حەنەفیی تانکیی نەوتەکەیان کردووە و ئاگریان کردووەتەوە و بووەتە هۆی ئەو کارەساتە.
هەروەها ئاماژەی دا، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما و دانانی تانکی نەوت لەبەر تیشکی خۆر جۆرە گازێک دروست دەکات و دەبێتە هۆی خێرا گڕگرتن و تەقینەوەی.