وەرزشكارێكی عێراق لە ئۆڵمپیكی پاریس دوورخرایەوە
سەجاد غانم یاریزانی جودۆی عێراقی بووە یەکەمین وەرزشكاری ئۆڵمپیكی پاریسی 2024 لە پشكنینی ماددە قەدەغەكراوەكان دەرنەچوو، بەمەش بەشێوەیەكی كاتی لە پاڵەوانێتییەكە دوورخرایەوە، لە بەرامبەردا سەرۆكە كوردەكەی شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە ئۆڵمپیكی پاریس روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتە هەواڵێكدا رایگەیاندووە كە وەرزشكارێكی عێراق بە ناوی سەجاد غانم لە لایەن دەزگای پشكینی نێودەوڵەتی (ITA) بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە، بەهۆی ئەوەی ماددەیەكی بەكارهێناوە لە نێو لیستی ماددە قەدەغەكراوەكانە و لە ریزی ماددە وزەبەخشەكانە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، راگرتنەكەی سەجاد غانم كاتییە و پشكنینی زیاتری بۆ دەكرێت، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكات تا رۆژی سێشەممەی داهاتوو، نێوبراو ناتوانێت بەشداریی لە هیچ راهێنان و پێشبڕكێ و چالاكییەكی ئۆڵمپیكی پاریس بكات تاوەكو ئەنجامی كۆتایی پشكنیینەكەی رانەگەیەندرێت، ئەوكات ماوەی سڕكردنەكەی دیاریی دەكرێت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە سەجاد غانمی عێراق مافی ئەوەی هەیە تانە لە سڕکردنە كاتییەكەی بدات و بچێتە بەردەم دادگای ناوبژیوانی بۆ وەرزش تایبەت بی بەشی ماددە هۆشبەرەکان و دەتوانێت داوای شیكاری نموونەیی زیاتر بكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە، هەردە رەئوف سەرۆكی شاندی عێراق لە ئۆڵمپیكی پاریسی 2024 لە رێگەی ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند ئەو هەواڵە راستە و لە لایەن دەزگای پشكینی نێودەوڵەتی (ITA) ئاگاداركراونەتەوە كە غانم لە پشكنینە سەرەتاییەكان دەرنەچووە.
هەردە رەئوف بەرپرسێكی وەرزشی كوردە و سەرۆكایەتی شاندی هەڵبژاردەی عێراق دەكات ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات رۆژی شەممە لێكۆڵینەوە لەگەڵ راهێنەرەكەی سەجاد غانم دەكرێت، دەشڵێت: غانم پێشتر نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەهۆیەوە رەنگە جۆرێك لە دەرمانی بەكارهێنا بێت.
سەجاد غانمی 28 ساڵ، یاریزانی یانەی شورتە و هەڵبژاردەی جۆدۆی عێراقە و بەشدارە لە ئۆڵمپیكی پاریس، بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە لە پاڵاوتنەکانی -81 کیلۆگرامدا ڕووبەڕووی پاڵەوانی ئۆزبەکستانی شەرەفەدین بۆڵتابویڤ ببێتەوە.

