یەكەمین لێدوانی پێرێز و ئێندریك لەبارەی ریال مەدرید
ئێندریک هێرشبەری نوێی یانەی ریاڵ مەدرید، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە هاندەرانی یانە نوێیەکەی ناسێندرا و ژمارە 16ـی پێشکەش کرا، لە یەكەمین لێدوانی دا رایگەیاند بەهۆی ئەو پێشوازییە تووشی شۆك بووە.
ئەمڕۆ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەنداماکانی یانەکە و ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی یانە شاهانەکە، ئێندریک هێرشبەرە بەڕازیلیەکە لە مەڕاسیمێکی گەورە، بە هاندەرانی یانە نوێیەکەی ناسێندرا و لە کاتی ناساندنیشی ژمارە شازدەی پێشکەش کرا. هێرشبەرە 18 ساڵانەکە وەرزی رابردوو بەرامبەر 47 ملیۆن یۆرۆ، گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ کرا و ئەم هاوینە بە شێوەیەکی فەرمی، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید کرد و وەرزی داهاتوو سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی یانەکەی دەکات.
ئێندریک دوای ناساندنی وەکو یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید گوتی: هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە رۆژێک بێت و لە گەورەترین یاریگای جیهان، درێسی گەورەترین یانەی جیهان بپۆشێت. بەڵێنیشی بە هاندەرانی یانە شاهانەکەدا هەموو تواناکانی بخاتە گەڕ، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتی یانەکەی بکات.
ئێندریك: خەونەكەم بووە راستی
لەمبارەیەوە ئێندریك دەڵێت: سوپاستان دەکەم، نامەوێـت درۆ بكەم و با راستگۆ بم هەرگیز پێشبینی ئەمەم نەدەکرد رۆژێكدا بێت لێرە بم، زۆر قورس و سەختە بتوانم باس لە هەستەکانم بکەم، ئەمە خەونێکی گەورەیە، هیچ وشەیەکی گونجاوم نییە بۆ ئەم ساتە، تەنیا ئەوە دەڵێم دەمویست لێرەبم و یاریی بۆ ریاڵ مەدرید بکەم، خەونەکەم بووە راستی، هەلا مەدرید"
ئێندریك گوتیشی: لەریاڵ مەدرید هیچ یانەیەکی دیکەم بەلاوە گرنگ نییە، من ئەم یانەیەم خۆش دەوێت، ئەمە ئەم یانەیە کە من دەمویست، ئەمە هەموو شتێکە.
پێرێز: بەردەوام دەبین لە گواستنەوەی ئەستێرەكان
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لە ساتی ناساندنی ئێندریك، رایگەیاند لە گواستنەوەی یاریزانە دڵخوازەكانیان بەردەوام دەبن.
گوتیشی: من دەمەوێت بەهێزترین پێکهاتەمان هەبێت، ئێمە ئەم هاوینە دوو گرێبەستی زۆر باشمان کردووە، بۆیە کاتێک هەمووان ئامادە دەبن تیپەکەمان بەهێزتر دەبێت و توانای بردنەوەمان لە هەموو یانەیەک دەبێت. ئێمە چەند یاریزانێکمان پێکانیان هەیە، ئەگەر ئەوانیش بگەرێنەوە دڵنیام زۆربەی کێشەکانمان چارەسەر دەبن و ئامادەکارییەکانمان بۆ وەرزی نوێ باشتریش دەبێت.
فلۆرێنتینۆ پێرێز هۆشداریی دایە راهێنەر و یاریزانەكان دەبێت لە كاتی یارییە ئامادەكارییەكان زۆر وریا بن بۆ ئەوەی تووشی پێكان نەبنەوە، گوتیشی: ئێمە سەرقاڵین و بەردەوام کار دەکەین بۆ گواستنەوەی یاریزانی دڵخوازی خۆمان. تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو کاتمان هەیە، پلانێکی دیاریکراو پەیڕەو دەکەین و دەزانین لە كام شوێن و هێڵ پێویستیمان بە چی یاریزانێكە.
