سوپای ئیسرائیل: ژمارەی کوژراوان گەیشتە 689 سەرباز

ژمارەیەک زرێپۆشی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە (وێنە: AP)
ژمارەیەک زرێپۆشی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە (وێنە: AP)

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی تەمموزی 2024، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەربازێکی سوپا بەهۆی سەختی برینەوە  لە شەڕەکانی باشووری کەرتی غەززە  مرد، هاوکات کۆی ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە گەیشتووەتە 689 کەس.

سەرجەنت یۆناتان ئاهارۆن گرینبلات، (تەمەن 21 ساڵ) خەڵکی بەیت شەمش، سەر بە لیوای گیڤاتی، دوای برینداربوونی لە شەڕی باشووری کەرتی غەززە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە مردووە.

بەم شێوەیە ژمارەی کوژراوانی جەنگ کە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە ڕێگەیان پێدرا ناویان بڵاو بکرێتەوە، بۆ 689 کەس بەرزبووەتەوە، کە 329 کەسیان لە سەرەتای دەستپێکردنی مانۆڕی زەمینی لە کەرتی غەززە لە 27ی ئۆکتۆبەرەوە کوژراون.

پێگەی سوپای ئیسرائیل، لە نوێترین نوێکاریی بڵاوی کردووەتەوە، کە 51 سەرباز لە ڕووداوی ئۆپەراسیۆنەکاندا کوژراون.

سەبارەت بە ژمارەی برینداران، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژمارەی بریندارەکانی لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە گەیشتووەتە چوار هەزار و 322 بریندار کە 625 یان برینەکانیان سەختە.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.