وەزیرانی بەرگری ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور یاداشتێکی هاوکارییان مۆر کرد
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و مینۆرو کیهارا، هاوتا ژاپۆنییەکەی و شین وۆن سیک، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور، یاداشتێکیان مۆر کرد کە بەشێکە لە ڕێککەوتنی هاوکاریی ئەمنیی سێ قۆڵی، هەروەها چوونە بواری جێبەجێکردنیشیان ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا پنتاگۆن ڕایگەیاند، ئەم بەڵگەنامە، هاوکارییە ئەمنییەکانی سێ قۆڵی نێوان وەزارەتەکانی بەرگری بە دامەزراوەیی دەکات، کە بریتییە لە ڕاوێژکاری سیاسی، ئاڵوگۆڕی زانیاری، مانۆڕی سێ قۆڵی و هاوکاریی لە بواری ئاڵوگۆڕی بەرگریی لەگەڵ ئامانجیان بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە داهاتوویەکی نزیکدا.
یاداشتەکە، لە میانی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە تۆکیۆ مۆر کرا، لەو کۆبوونەوەیەدا تێدا وەزیرەکان باسیان لە پرسە گشتییەکانی بواری ئەمنیش کرد.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزیرەکان پابەندبوونی خۆیان بە بەهێزکردنی هاوکارییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییانەی کە لە کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریاوە سەرچاوە دەگرن دەربڕیوە، هەروەها "نیگەرانی" خۆیان لە هاوکارییەکانی پیۆنگ یانگ لەگەڵ مۆسکۆ و مۆرکردنی ستراتیجیی هەمەلایەنە لە ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور، دەربڕیوە.
دوایین جار، سەرۆکی وەزارەتەکانی بەرگریی سێ وڵات، لە مانگی حوزەیران لە پەراوێزی کۆنفرانسی "گفتوگۆی شانگریلا" لە سەنگاپورە کۆبوونەوە و دواتر پلانی مانۆڕی هاوبەشیان ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی هاوبەشی پلاندانانی ئەتۆمی، کە لەم دواییانەدا لەلایەن ئەمەریکا و کۆریای باشوورەوە کرا، جێگەی نیگەرانییە، بە تایبەت ئەوان هەوڵدەدەن ژاپۆن ڕابکێشن بۆ ناو ئەم پڕۆژە هاوبەشەی پلاندانانی ئەتۆمیی.
لاڤرۆڤ، ئاماژەی بە ڕاستیی دامەزراندنی چەندان هاوپەیمانیی "سێ قۆڵی و چوارقۆڵی" لە ناوچەکەدا کرد و گوتی، ئەمەریکا، ژاپۆن و کۆریای باشوور چالاکانە کار دەکەن بۆ گرژکردنی باری سەربازیی دەوروبەری نیمچە دوورگەی کۆریا، بە میلیتاریزەکردنی بوونی خۆیان لەوێ و مانۆری هاوبەش، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کردەوەی سەربازی.