10 هەواڵ بە کورتی

کورتەهەواڵ (دیزاین: کوردستان24)
کورتەهەواڵ (دیزاین: کوردستان24)

10 لە گرنگترین هەواڵەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-07-2024ـی باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە کورتی.

1.بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک پارچە زەوی دابەش دەکرێن

‎پاڵپشت بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سنووری ماددەی 140ی دەستوور و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

2. دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە

یەکشەممە، 28-07-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتکردەوە. سکاڵاکە، لەلایەن سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکرا بوو و داوای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی کردبوو.

3. سوودانی: هەموو پێدوایستییەکانی هەڵبژاردنی کوردستانمان دابین کردووە

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە عامر مووسا حوسێنی، بەرپرسی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند "هەموو پێداویستییەکانمان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دابین کردووە". 

4. جووتیارێک: بەهۆی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، ڕۆژانە یەک ملیۆن دینار زەرەر دەکەین

کردنەوەى مەرزەکانى حکوومەتى عێراق بە ڕووى ئێراندا بۆ هاوردەکردنى خەیار، نرخى خەیارى لە عەلوەى سلێمانى بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزاندووە، بە جۆرێک ئێستا کیلۆیەک خەیار لە نێوان 150 بۆ 200 دینار دەفرۆشرێت. جووتیارێک گوتی: بەهۆی بڕیارەکەوە، ڕۆژانە یەک ملیۆن دینار زەرەر دەکەین. 

5. قۆناغی دووەمی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەکانی هاتووچۆ لە هەڵەبجە دەستی پێ کردووە

سەرۆکی لیژنەی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "قۆناغی دووەمی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەکانی هاتووچۆ لە هەڵەبجە دەستی پێ کردووە و ڕۆژانەش دوو پیت ڕایی دەکەین".

6. ئەمەریکا فڕۆکە زەبەلاحە وێرانکەرەکە دەگەڕێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هاوڕاز فارووق، گۆڤاری ئێر ئەند سپەیس فۆرسی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی عێراقەوە، کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمە ناساندووە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڕیاری داوە دوو فڕۆکەی 52-B ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە.

7. مانگی داهاتوو ئەردۆغان و ئەسەد کۆ دەبنەوە

سەرچاوە مێدیاییەکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا، ڕەنگە مانگی داهاتوو لە دەروازەی سنووریی کەسەب بەڕێوە بچێت.

8. عێراق: هیچ پاکستانییەک بزر نەبووە

یەکشەممە، 28ـی تەمموزی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕەتی کردەوە 50 هەزار پاکستانی لە عێراق بزر بووبن. ڕاشیگەیاند، لەو بارەوە پەیوەندییان بە پاکستانەوە کردووە.

9. پزیشکیان؛ سەرکۆماریی ئەرکێکی گرانی سەرشانمە

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی تەممووزی 2024، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان بۆ چواردەهەمین خولی سەرۆککۆماریی ئێران لە حسێنییەی ئیمام خومەینی لە تاران، بەڕێوە چوو. پزیشکیان لە گوتارێکدا گوتی: خەڵک بە ئاگایی دەنگیان دا و بارگرانییەکی قورسیان خستە سەر شانی من و ئێستاش ڕێبەری باڵا بە ڕەزامەندی لەسەر دەنگی گەل و ئیمزاکردنی بڕیاری دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی خستووەتە سەر شانی من بەرانبەر بە هەموو گەلی ئێران. 

10. گوندەکەی ماندێلا خرایە ناو لیستی شوێنەواری جیهانیی 'یونسکۆ'

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە، زانست و ڕۆشنبیریی "یونسکۆ"،  شوێنی کۆمەڵکوژییەکی سەردەمی ئاپارتاید و ئەو گوندەی نیلسۆن ماندێلای تێیدا گەورە بووە، لەنێو ئەو شوێنانەی کە لە باشووری ئەفریقا بە هێمایەکی دیاری خەبات دادەنرێت، خستە نێو لیستی شوێنەوارە جیهانییەکان.