فەرەنسا.. سبەینێ هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان ئاسایی دەبنەوە

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵمپیکی پاریس هێرشکرایە سەر چەند هێڵێکی شەمەندەفەر و سووتێنران، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ و لەکارکەوتنی هێڵەکانی شەمەندەفەر و بەشێک لە گەشتەکانیش هەڵوەشانەوە، کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت: لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەوە هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان ئاسایی دەبنەوە.

یەکشەممە 28ـی تەمووزی 2024 کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی نیشتمانی (SNCF) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە لە فەرەنسا هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان ئاسایی دەبنەوە، ئەمەش دوای تەواوبوونی کارەکان و چاککردنەوەی ئەو هێڵانەی کە زیانیان پێگەیشتبوو.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد: بەهۆی خێرا کارکردنی کرێکارانی کۆمپانیاکە، کە لە بەیانی هەینیەوە زۆر بە ڕێکوپێکی ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە و، کارەکانی چاککردنەوە لەسەر هەموو هێڵەکانی شەمەندەفەری خێرا تەواو بووە.

جەختی لەوەش کردەوە قۆناغەکانی تاقیکردنەوەی شەمەندەفەرەکان سەرکەوتوو بوون و ئێستە دەتوانرێت هێڵەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەکاربهێنرێن. هاوکات پشتڕاستی کردەوە "لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەوە هیچ پشێوییەک ڕوونادات".

لەکارکەوتنی هێڵەکانی شەمەندەفەر، ڕۆژی هەینی 26ـی تەمووزی 2024 قەرەباڵغیی و شێواندنی دەروونی هاووڵاتییانی لە وێستگەکاندا دروستکرد، هەروەها ڕووداوەکە چەند کاتژمێرێک پێش مەراسیمی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵمپیکی پاریس ڕوویدا.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکەی بەگەڕخستنی هێڵەکانی شەمەندەفەریش گوتبووی: نزیکەی 800 هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکەوە کاریگەربوون، تاوەکو ئێستاش نەزانراوە کێ لەپشت ڕووداوەکەوەیە.

لەلایەن خۆیەوە، پاتریس ڤێرگرایەتێ، جێگری وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاری و بەڵگانەی لەبەردەستدان، بە مەبەست ئاگر لە هێلەکانی شەمەندەفەر بەردراوە.

ئۆڵمپیکی پاریس، 33یەمین ئۆڵمپیکی جیهانییە و لە 26ـی تەمموز بە بەشداریی زیاتر لە 10 هەزار و 700 وەرزشوان دەستپێدەکات، تاوەکو 16ـی ئاب بەردەوام دەبێت، لەم پاڵەوانییەتەدا 32 وەرزشی جیاواز ئەنجامدەدرێن.

Fly Erbil Advertisment