تورکێش عزەددین: هیچ ڕێككهوتنێكی كۆتایی بۆ یهكلاكردنهوهی پۆستی پارێزگاری كهركووك نییه
K24 – هەولێر:
سەرکردەیەکی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ماوەیەی کە دیاری کراوە بۆ ئەوەی کەسێک بە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرێت، خەریکە تەواو دەبێت و تا ئێستە لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستەکە نەگەیشتوونە ڕێککەوتن.
تورکێش عزەددین، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: هەشت مانگ تێپەڕییوە و تا ئێستە نەتوانراوە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رێکبخرێتەوە، بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەشی پۆستی پارێزگارە.
ئەو سەرکردەیەی بەرەی تورکمانی، پێی وایە: تا ئێستە چارەیەکی کۆتایی بۆ پرسی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک نییە، چەندین جار بڕیار دراوە کۆبوونەوە بکرێت، تەنیا یەک کۆبوونەوە کراوە ئەویش بێ ئەنجام بووە.
ناوبراو دەڵێت: ئەو ماوەیەی دیاری کراوە بۆ ئەوەی کەسێک بە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرێت، خەریکە تەواو دەبێت و تا ئێستە لەسەر دیاریکردنی بەربژێرێک ڕێککەوتن نەکراوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، لەمیانی كۆبوونەوەی ڕۆژی ڕابردووی لەگەڵ پێكھاتەی توركمان، محەمەد شیاع سوودانی دووپاتیكردووەتەوە لە ئەگەری رێكنەكەوتنی لایەنەكان خۆی دەستوەردان دەکات و کەسێک دیاری دەکات بۆ بەڕێوەبردنی کەرکووک.
پێشتریش رۆژی 25ی ئەم مانگە سوودانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەى عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە و بڕیارە لە رۆژانی داھاتوو لەگەڵ نوێنەرانی پێكھاتەی كوردیش كۆببێتەوە.
بەردەوامی كۆبوونەوەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنەكانی كەركووك لە كاتێكدایە، رۆژی 11ى ئەم مانگە ئەنجوومەنى پارێزگا یەکەم کۆبوونەوەى کرد و بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەى 30 ڕۆژدا پارێزگار هەڵبژێردرێت.
