سەندیکای کرێکارانی عێراق: زیادبوونی ژمارەی کرێکارانی بیانی، هەلی کاری بۆ عێراقییەکان کەم کردووەتەوە

سەرۆکی یەکێتیی کرێکارانی عێراق ڕایگەیاند، زیادبوونی ژمارەی کرێکارانی بیانی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دەستی کار و هەلی کار بۆ ئەو عێراقییانەی کە بەدوای کاردا دەگەڕێن. گوتیشی: زیاتر لە ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و نیو خەڵکی بیانی لە عێراق کار دەکەن.

وەلید نوعمە، سەرۆکی یەکێتیی کرێکارانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند "زیادبوونی ژمارەی کرێکارانی بیانی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دەستی کار و هەلی کار بۆ ئەو عێراقییانەی کە بەدوای کاردا دەگەڕێن".

ئاماژەی بەوە کرد "زیاتر لە ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و نیو خەڵکی بیانی لە عێراق کاردەکەن و پارەیان دەست دەکەوێت، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا گوێمان لێبوو کە 50 هەزار پاکستانی هاتوونەتە عێراق، خۆیان شاردووەتەوە و کار دەکەن، کە بەشێکیان تەنانەت دەزگا ئەمنییەکانیش پێیان نازانن، واتە ئێمە تێناگەین چۆن ئەو 50 هەزار پاکستانییە هاتوونەتە عێراق و خۆیان شاردووەتەوە و چوونەتە بازاڕەکان. ئەوەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە دەستی کاری عێراقی".

وەلید نوعمە گوتیشی: ئەگەر ئەو ملیۆن دەستی کارە بۆ عێراقییەکان دابین کرابووا باشتر نەبوو؟ دەشڵێت: ئێمە وەکو سەندیکای کرێکاران خۆپیشاندانمان کردووە و داوامان کردووە و دەنگمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرزکردووەتەوە کە بازاڕی کار بپارێزن، دەستی کاری عێراقی زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن بەڵام هیچ کاریگەری نەبووە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە.

سەرۆکی یەکێتیی کرێکارانی عێراق ڕاشیگەیاند "ئەو ژمارە زۆرەی کرێکارانی بیانی لە عێراق زۆر مەترسیدارە، لە کاتێکدا خەڵکی خۆت بێکارن، هەروەها جگە لە مەترسی دەستی کار مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتیش هەیە، سەندیکا هەمیش هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کردووە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەوکەسانەی بیانین و بۆ کار دێنە عێراق. هەمیشە هەڵمان داوە دەستی کار بۆ عێراقییەکان وە دەست بهێنین".