ڕەوەند قادر: زیاتر لە 20 پڕۆژە لەناو دارەتوو کراون

ڕەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانی دارەتوو
ڕەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانی دارەتوو

سەرۆکی شارەوانی دارەتوو ڕایگەیاند، زیاتر لە 20 پرۆژە لەناو دارەتوو کراون و 17 پرۆژەیان تەواو بوونە، ئەوەی دەمێنێتەوە سێ پرۆژەی گرنگن، لەگەڵ پرۆژەیەکی نوێی دووسایدێک بە درێژایی 500 مەتر.

سێشەممە، 30ـی تەمموزی 2024، ڕەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانی دارەتوو، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شارەدێی دارەتوو نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندەی شاری هەولێرەوە دوورە، بۆیە زۆرترین داواکاریی هاووڵاتییان لەو سنوورە گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ گەڕەکەکانیان.

سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو دەڵێت: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی، پێداگربووە لەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری بۆ تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەتایبەت شوێنە هەژار نشینەکان.

ئەو سەرۆک شارەوانییە دەشڵێت: هۆی زۆرترین خزمەتگوزاری کە هێنراوەتە دارەتوو، بەهۆی داواکاریی هاووڵاتییانی ئەو سنوورە بووە، کە خزمەتگوزارییەکانیان لە ئاستی سەرەتاییدا بوون، بەڵام ئێستە دەبینین زۆرترین خزمەتگوزاری لەو سنوورە دەکرێت، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەم کابینەیە خزمەتگوزارییەکانی هەمجۆرە و هەمەلایەنە و ڕژدە بۆ هاووڵاتییان".

ئاەوەشی خستە ڕوو "خزمەتگوزارییەکانیش دروستکردنی ڕێگەوبان، شەقام، پۆند، شەقامەکانی ناو گەڕەکەکان و کۆڵانەکانی ناو دارەتوو".

ڕەوەند قادر ڕاشیگەیاند "بەماوەی کەمتر لە دوو ساڵ زیاتر لە 20 پرۆژە لەناو دارەتوو کراوە و 17 پرۆژەیان تەواو کراون، ئەوەی دەمێنێتەوە سێ پرۆژەی گرنگە، لەگەڵ پرۆژەیەکی نوێ دووسایدێکە بە درێژایی 500 مەتر".