هندۆسەکان بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمەریکا دەچنە پەرستگایەک

"خوداوەندێک" لە هیندستان شتێکی سەیر پێشکەش بەوانە دەکات کە دەیپەرستن، ئەویش بلیتی ژیانێکی نوێیە لە ئەمەریکا؛ ڕۆژانە هەزار هیندۆس سەردانی ئەو پەرستگایە دەکەن.
زیاتر لە هەزار هیندۆس ڕۆژانە سەردانی پەرستگای چیلکور بالاجی دەکەن، باوەڕیان وایە "خوداکەیان" ڕەنگە ڤیزەیان پێ ببەخشێت بۆ ئەوەی بچنە ئەمەریکا.
داوا لەو کەسانە دەکرێت کە دەیانەوێت خەونی چوونە ئەمەریکا بەدەست بهێنن، دوعا بکەن کە ڕێگەیان پێ بدرێت گەشت بکەن و بگەڕێنەوە کاتێک ئاواتەکەیان بەدیهات.
ساتویکا کونداداسۆلا لەکاتی ڕۆیشتنی بەدەوری پەرستگاکەدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: هەر ئەندامێکی خێزانەکەم کە لە ئەمەریکایە هاتووەتە ئێرە".
گەنجە تەمەن 22 ساڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "چوونی بۆ نیویۆرک خەونێکی کۆنە. ئەم هەفتەیە بەرەو ئەوێ دەڕوات بۆ خوێندنی ماستەرەکەی" و دەڵێت: "سوپاسی خودا بالاجی" دەکەم.
جەختیشیکردەوە "بێگومان بەهۆی تواناکانمەوە ڤیزاکەم وەرگرتووە، بەڵام بەختیشم پێ درا، هاتنم بۆ ئێرە بەدڵنیاییەوە یارمەتیدەر بووم".
لە ساڵی 1984 قەشەیەکی بەتەمەن بەناوی گۆپالاکریشنا ڕایگەیاندبوو "کاتێک 11 جار بە دەوری پەرستگاکەدا سووڕاوەتەوە ئاو لەبەردەم پەرستگاکە دەرکەوتووە".
کاتێک قسەکە بڵاوبووەوە و خەڵک دەستیان کرد بە سەردانی پەرستگاکە بە هیوای هاوسەرگیرییەکی باش و منداڵ، هەروەها سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکان و وەرگیرانیان لە باشترین کۆلێژەکانی هیندستان.

بەدرێژایی دەیان ساڵ، پەیرەوانی ئەو پەرستگایە گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە مەزارگەکە کاریگەری لەسەر یارمەتیدانی ئەو هیندییانەی هەیە کە دەیانەوێت وڵاتەکە بەجێ بهێڵن، بەجۆرێک کە لە ناوچەکەدا بە "پەرستگای ڤیزا" ناسراوە.
هیندستان پێنجەم گەورەترین ئابووریی جیهانە و گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی زۆرە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێشتا ساڵانە سەدان هەزار هاووڵاتی، ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵن و بەدوای دەرفەتی باشتردا دەگەڕێن لە دەرەوەی وڵات.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆچبەرانی هیندستان لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەریکا وەک شوێنی دڵخوازی ئەوان دەستنیشان کراوە.
دوایین سەرژمێری لە ئەمەریکا دەری خستووە کە ژمارەی دانیشتووانی بەڕەچەڵەک هیندییەکان لە دەیەی کۆتایی ساڵی 2020دا گەیشتووەتە 4.8 ملیۆن کەس و زیاتر یەک لەسەر سێی ئەو خوێندکارە هیندییانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، لە ئەمەریکان.