یەکەم لێدوانی فەرمی ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی هەنیە
ئەمڕۆ چوارشەممە، عیمیحا ئەلیاهۆ، وەزیری شوێنەواری ئیسرائیل، سەر بە پارتی "عوتسما یەهودیت" بە سەرۆکایەتی ئیتمار بن گڤیر، ڕایگەیاند، "ئەمە ڕێگا ڕاستەکەیە بۆ پاککردنەوەی جیهان".
ئەلیاهۆ گوتیشی: "مردنی هەنیە جیهان کەمێک باشتر دەکات".
ئەمڕۆ چوارشەممە، بزووتنەوەی حەماس تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی خۆی، ئیسماعیل هەنیە، لە هەڵمەتێکی ئیسرائیلی بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە تاران ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە سمۆتریتچ، وەزیری دارایی توندرەوی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەسەر کوژرانی هەنیە ڕایگەیاند، "هەموو دوژمنانی ئیسرائیل لەناو دەچن".
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: ئێمە لە ڕەهەندەکانی ڕووداوی کوژرانی هەنیە لە تاران دەکۆڵینەوە و دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش ڕادەگەیەنین.
تا ئێستە هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لە لایەن ئیسرائیلەوە لەو بارەیەوە دەرنەچووە.
شایانی باسە ئەلیاهۆ لە 5ی تشرینی دووەمی 2023 بە ڕادیۆی ئیسرائیلی گوتبووی بۆردومانکردنی کەرتی غەززە بە بۆمبی ئەتۆمی یەکێکە لە بژاردە قبوڵکراوەکانی ئەو.