حزبوڵڵا کوژرانی سەرکردەیەکی پشتڕاست کردەوە

فوئاد شوکر، ڕاوێژکاری سەربازی حەسەن نەسروڵڵا
فوئاد شوکر، ڕاوێژکاری سەربازی حەسەن نەسروڵڵا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، حزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوێنێ سێشەممە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر گەڕەکی باشووری بەیرووت و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و یەکێک لە سەرکردەکانی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژارنی ژمارەیەک هاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە و وێران بوونی باڵەخانەکەش.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا فواد شوکر (حەج موحسن) سەرکردەی دیاری حزبوڵڵا،  لەنێو ئەو باڵەخانەدابووە کوژراوە.

ئاماژەی بەوەش دا، تیمەکانی بەرگری شارستانی بەردەوامن، لە گەڕان و لابردنی داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکە بۆ دەرهێنانی ئەو کەسانەی کە لە ژیاندا ماون.

لەلایەن خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل دوێنێ ڕایگەیاند: ئامانجی هێرشەکەیان لە بەیرووت کوشتنی کەسی دووەمی حزبوڵڵا بووە بەناوی فوئاد شوکر، کە ڕاوێژکاری سەربازی حەسەن نەسروڵڵڵایە و بەرپرسی یەکەمی چەندان هێرش بووە بۆ سەر ئیسرائیل کە دوایینیان هێرشەکەی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی جۆڵان بووە.

هاوکات مێدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە: دوای هێرشەکەی باشووری بەیرووت، سوپای ئیسرائیل خراوەتە ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێکی وەڵامدانەوەی حزبوڵڵا بۆ ئەو هێرشە.

بەهۆی پەرەسەندنە نوێیەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی، چەند ڕۆژێکە وڵاتانی ئەمەریکا و ئەورووپا داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن بە زووترین کات لوبنان جێبهێڵن یان ئامادەکاری بکەن بۆ مانەوە بۆ کاتێکی زۆر لە شوێنەکانی خۆیان.