سەیرترین چیرۆكی ئۆڵمپیكی پاریس

ڤیڤیان رۆبنسن هەوادارێكی سەرسەختی ئۆڵمپیكە
ڤیڤیان رۆبنسن هەوادارێكی سەرسەختی ئۆڵمپیكە

ڤیڤیان ڕۆبنسن سەرسەخترین هەواداری یارییەكانی ئۆڵمپیكە، هاوكات یەكەمین خانمە كە حەوت ئۆڵمپیكە لەسەریەك ئامادە دەبێت، رۆژانە بە جلوبەرگێكی تایبەت شەقامەكانی پاریسی خرووشاندووە و خەڵكی بۆ وێنەگرتن نۆرە دەگرن.
ڤیڤیان، لە ئەمریكاوە هاتووەتە پاریس، تەمەنی 66 ساڵە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو رۆژانە دوو كاری كردووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە تەواوی پاڵەوانێتی ئۆڵمپیكی پاریس ئامادە بێت، بە رۆژ لە كەناری ڤێنیز لە پاریس كار دەكات، شەوانیش وەكو دەستگێر خواردن دەفرۆشێت، بەمەش پارەی بۆ كڕینی 38 بلیتی یارییە جۆراوجۆرەكان كۆكردووەتەوە.
ڤیڤیان وەكو خۆی دەڵێت لە پێناو كڕینی بلیتی یارییەكانی ئۆڵمپیك، ئەوەندەی پارە لە بانك راكێشاوە تەنانەت پێویستی بە دوو ساڵ كاركردنە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو پارەیەی لە ئۆڵمپیكی پاریسی خەرج كردووە.
رۆژانە خەڵكی بۆ وێنەگرتن لەگەڵ ڤیڤیان نۆرە دەگرن، هیچ خولەكێك تێپەڕ ناكات كە چەندان وێنەی لەگەڵ نەگیرێت، خەریكە بە تەواوەتی هێندەی ئەستێرەیەكی گەورەی جیهان لە ئۆڵمپیك ناوبانگ پەیدا دەكات.
لەمبارەیەوە ڤیڤیان دەڵێت: راستە تووشی زەحمەتی زۆر بوومە، بەڵام ئۆڵمپیك هەزار هێندە شایەنی ئەو رەنج و ماندووبوونەی منە، لە دوای ئۆڵمپییكی پاریس كاتێك دەگەڕێمەوە ئەمریكا سەرەتا كاردەكەم بۆ ئەوەی ئەو قەرزانە بدەمەوەكە لە ئۆڵمپیكی پاریس خەرجم كردووە، دواتر پارە پاشەكەوت دەكەم بۆ ئامادەكاری بۆ ئۆڵمپیكی داهاتوو.
ڤیڤیان گوتیشی: 40 ساڵە ئۆڵمپیك لە دوای ئۆڵمپیك پارە پاشەكەوت دەكەم، خولیای ئەم كارەشم بۆ دایكم دەگەڕێتەوە كاتێك لە زانكۆی UCLAـی ئەمریكا دەیخوێند و هەڵبژێردرا وەكو وەرگێڕ لە ئۆڵمپیكی لۆس ئانجلسی 1984 كار بكات. ئەوكات دایكیشم جلوبەرگێكی تایبەتی دەپۆشی و كە هەموو خەڵك بەهۆی ئەم جلوبەرگە دەیانناسییەوە.
ڤیڤیان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد دایكی وایكردووە لەوكاتەوە تا ئێستا لە هیچ یارییەكی ئۆڵمپیك دانەبڕێت و ماوەی 40 ساڵە لە هیچ ئۆڵمپیكێك دانەبڕاوە.
ئەو خانمە بە ساڵاچووە دەشڵێت: پێشتر بە ئاسانی دەچوومە هەموو شوێنێكی ئۆڵمپیك، بەڵام ئێستا ڕێوشوێنەكان زۆر توند بوونە، تەنانەت رێگە نادەن لە گوندی وەرزشوانانی ئۆڵمپیكی پاریسیش نزیك ببمەوە.
ڤیڤیان بەردەوام بە روخسارێكی گەش و زەردەخەنەوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەری دەكات، دەشڵێت: نزیكی ساڵێك خەریك بووە تا ئەو جلوبەرگە تایبەتەی بۆ ئۆڵمپیكی پاریس نەخشاندووە، لەمبارەیەوە دەڵێت: هەست بە شانازییەكی زۆر دەكەم و خەڵكی بەهۆی ئەم جلوبەرگ و پۆشاكەوە دەمناسنەوە.
ڤیڤیان رۆبنسن، گەشتی حەوت ئۆڵمپیكی كردووە، لۆس ئەنجلس 1984، پاشان ئاتڵەنتا 1996، سیدینی 2000، ئەسینا 2004، لەندەن 2012، ریۆ دی جانیێرۆ 2016، تەنانەت بلیتی ئامادەبوونی لە ئۆڵمپیكی تۆكیۆی 2020 كڕیبوو، بەڵام بەهۆی كۆڕۆنا یارییەكان بەبێ بینەر بەڕێوەچوون.

 

.
.

 

Fly Erbil Advertisment