ئیسرائیل: ئامادەم بۆ شەڕێکی سەرتاسەری
کەناڵی 12ـی عیبری ڕایگەیاند کە تەلئەڤیڤ لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە پەیامی بۆ لوبنان و ئێران ناردووە و سەلماندوویەتی کە ئامادەیە بچێتە شەڕێکی سەرتاسەری، ئەگەر لایەنی بەرامبەر زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت.
کەناڵی 12ـی عیبری ئاشکرای کرد، ڕێنمایی بۆ باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە دەرەوەی وڵات دەرچووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک، بەو پێیەی داوا لە باڵیۆز و نوێنەرانی دیپلۆماسی ئیسرائیل کرابوو، لە شوێنە قەرەباڵغەکان دەرنەکەون.
ئاماژەی بەوەش دا دەزگای ئاسایشی گشتیی "شباک" له ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێكی ئێران لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی هەنییە لە تاران، ڕێنمایی ئەمنی نائاسایی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی حکوومەتەکەی دەرکردووە.
لە ڕێنماییەکاندا باس لەوە کراوە، بەشداریکردن لە هەر بۆنەیەکی گشتیی پێویستی بە کەشێكی پارێزراو هەیە.
لە هەمان کاتدا، ڕۆنین بار، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل "شباک"، فەرمانێکی ڕاستەوخۆی دەرکرد و تێیدا هاتووە، هەموو گەشتێک کە سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان دەیکەن، پێویستی بە ڕەزامەندی شەخسی ئەو هەیە.
بە بڕوای دامەزراوەی ئەمنی ئیسرائیل مەزەندەی دەکات، وەڵامدانەوەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بێت.
دامەزراوەی ئەمنی لە تەلئەڤیڤ سەلماندوویەتی کە خۆی بۆ چەندان سیناریۆی جۆراوجۆر ئامادە کردووە، لەوانە هەڵدانی موشەک و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەوڵدان بۆ چوونە ناو سنووری باکوور، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە فەرماندەیی باکوور ئامادەکارییەکی باشی بۆ هەموو ئەم ئەگەرانە کردووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بەرپرسانی باڵای سیستمی بەرگری، گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخەکە سەبارەت بەو بەرگرییە فراوانە کردووە کە ئیسرائیل دەتوانێت شانبەشانی هاوپەیمانی بەرگری ئاسمانیی ناوچەکە و هەروەها چەتری بەرگری ئەمەریکا دابینی بکات.
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاند.
حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر تیرۆر کراوە.
لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.
مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕێنمایی بۆ وەزیرانی حکوومەت دەرکردووە، کە هیچ لێدوانێک لەسەر تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە نەدەن.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 30ـی تەممووز، کوژرانی فوئاد شوکر، سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنانی ڕاگەیاند.
ئەو دوو کوشتنە (هانیە و شوکر) ترسێکی گەورەی لە هەڵکشانی شەڕێکی ناوچەیی خستووە.