سوپای پاسداران: هەنییە بە مووشەکێکی کورتمەودا کوژراوە
سوپای پاسداران سێیەمین ڕاگەیەندراوی لەسەر چۆنێتی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بڵاو کردەوە

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران سێیەم ڕاگەیەندراوی لەبارەی چۆنێتی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هێرشەکە بە مووشەکێکی کورتمەودا و تەقەمەنی بەهێز لە دەرەوەی شوێنی حەوانەوەکەی کراوە.
بە گوێرەی ئاژانسی ئێرنا، لە سێیەمین ڕاگەیەندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداراندا هاتووە، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنیه، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) بە هەڵدانی مووشەکێکی کورتمەودا بە کڵاوەیەکی تەقەمەنی بەهێز کە بڕەکەی حەوت کیلۆگرام بووە، لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی میوانەکان کراوە.
هەروەها ئاماژەی داوە، هێرشەکەی ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمەریکا کراوە و بەبێ تۆڵەسەندنەوەش تێ ناپەڕێت، بەڵام لە کات و شوێنی گونجاودا باجێکی قورسی ئەو تاوانەیان دەدەنەوە.
ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێند خواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئیسلامی ئێران لە پۆستەکە لە تاران، بەڵام دوای ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر دووی شەو بە کاتی تاران لە هێرشێکدا خۆیی و پاسەوانە تایبەتەکەی کوژران، لە کاتێکدا لە شوێنێکی پارێزراوی حەوانەوەدا بوون کە شوێنەکە دەکەوێتە ناوچەی ئەمنی ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداران.