حەماس جێگرەوەی هەنییە هەڵدەبژێرێت
دوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، بزووتنەوەکە دەستپێکی ڕاوێژکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە ڕاگەیاند.
حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە پرۆسەی ڕاوێژکاریی فراوانی لە سەرکردایەتی و دامەزراوەکانی شوورا دەست پێ کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی مەکتەبی سیاسی".
ئاماژەی بەوەش کرد "دامەزراوە جێبەجێکارییەکانی بزووتنەوەکە و چوارچێوە شووراکان بەردەوامن لە کارەکانیان و بزووتنەوەکە دەستپێشخەری دەکات بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕاوێژکارییەکانی هەر کاتێک تەواو بوو".
بزوتنه وه که دووپاتی کردەوە "ئەوەی لەلایەن بەشێک لە دەزگاکان و پلاتفۆرمی سۆشیالمێدیاوە سەبارەت بە دانانی هەندێک ناو بۆ قۆرغکردنی پۆستی سەرۆکایەتیی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە بڵاو دەکرێتەوە، بێ بنەمایە".
چوارشەممەی ڕابردوو بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە تاران کوژراوە، ئەمەش ترسی فراوانبوونی ململانێکانی ئەو ناوچەیەی زیاتر کرد، کە لە ئێستەوە پڕ لە کێشە و گرفت، بەهۆی شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە و هەروەها توندبوونەوەی توندوتیژییەکەی زیاتر کرد لە ململانێی لوبنان.
لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بە هۆی "مووشەکێکی کورتمەودا" کە ئاراستەی شوێنی نیشتەجێبوونی لە تاران کراوە، کوژراوە.