عەلی ڕەشید: بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ناهێڵین کێشەی سووتەمەنی بۆ بازاڕ دروست بێت

عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخرێن، بە داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەش ناهێڵن کێشەی سووتەمەنی بۆ بازاڕ دروست بێت.

یەکشەممە 4ـی تەممووزی 2024،  عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد: لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی مەسرور بارزانی کە جەخت لە ژینگەیەکی تەندروست دەکاتەوە، لە ڕێژەی سەوزایی دەستیان پێکردووە، دواتر بۆ ژینگەیەکی تەندروست و هاووڵاتییان.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت: چەند پاڵاوگەیەک لە بارودۆخێکی خراپی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا ڕێگەیان پێدرا کار بکەن، ئێستا پێویستە ئەو پاڵاوگانە بووەستن تاوەکو ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەن، دەشڵێت: نایەڵین داخستنی ئەو پاڵاوگانەکێشەیەک بۆ بازاڕ دروست بێت.

لەبارەی دووکەڵی ئۆتۆمبێڵەکانی نێو شاریش گوتی: پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان وا دەکات هیچ ئۆتۆمبێلێک کە دووکەڵی هەبێت بێتە سەر شەقامەکان، گوتیشی: دوو پاڵاوگەی گەورە هەن کە مۆڵەتیان هەیە، جگەلە چەند پاڵاوگەیەکی نایاسایی کە لەسەریانە مۆڵەت دەربکەن و مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر نەیشاردەوە، ژینگەی هەولێر پیسە و بۆ هاووڵاتییان گونجاو نییە، گوتی: دەمانەوێت هاووڵاتییانمان هەوایەکی خاوێن هەڵمژن، بۆ ئەوەش پێویستە پلانێكی تۆکمە هەبێت کە پێویستی بە بوودجەیە.

عەلی ڕەشید گوتی: ئەگەر ئەو پاڵاوگە نایاساییانە دابخرێن، گازی خراپ لە بازاڕ نامێنێت، گازی خراپ کە نەما، خاوەن موەلیدە ناچارە گازی باش بەکار بێنێت، لەگەڵ ئەوەی توانای موەلیدەکان بەرز دەکاتەوە و تێکی نادات کە گازی باشی تێدەکرێت.

لەبارەی ژینگەوە، عەلی ڕەشید گوتی: ژینگە پارێزی کاری حکوومەت و هاووڵاتییە، هاووڵاتی ئەرکە سەرەکییەکەی لەسەرە لە فڕێنەدانی کاغەزێک تا دەگاتە بابەتی گەورەتر، پێویستە سزا هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە ڕۆشنبیریی لەوەی ئاو و کارەبا زیاد بەکار نەهێنێت.

ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری شارەکە ڕاگەیاند و ئیدی لەمەدوا ئەو گاز و دووکەڵ و پاشماوە پیسانەی لە پاڵاوگەکان دەردەچن بە ئاسمانی شارەكەدا بڵاونابنەوە. ئەمەش دوای ئەوەی پاڵاوگەکان بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی پیسکردنی ژینگەی هەولێر. ئەم بڕیارانەی پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی راسپاردە و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی پاراستنی ژینگە. 

لە پاڵ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت درا بە پاڵاوگە یاساییەکان بۆ ئەوەی مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن. هاوکات، داواش لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە مەرجەکانی ژینگەپارێزی لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بکەن. لەهەمان کاتدا فەرمان بە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان کرا، گازی کوالێتی بەکاربهێنن و یەک هەفتە مۆڵەتیشیان پێدرا تا مۆلیدەکانیان بگۆڕن بۆ بێدەنگ.

هەروەها لە یەکێک لە بڕیارەکانی پارێزگای هەولێردا هاتووە، هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت و دوای ئەوە بەڵێننامە لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت تا ئەو کاتەی چارەی کێشەکە بکات.