وڵاتان داوا لە هاووڵاتیانیان دەکەن نەچنە لوبنان

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور داوا لە کۆرییەکانی لوبنان و ئیسرائیل کردووە بە زووترین کات ئەو وڵاتە جێ بهێڵن، هاوکات ئەنقەرەش داوای لە هاووڵاتییانی کردووە، دەستەبەجێ لوبنان جێ بهێڵن و سەردانی باشوور نەکەن بەهۆی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە.

ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کۆریای باشوور کە  لە ئیسرائیل نیشتەجێن، 530 کەسن و لە لوبنان 130 و لە ئێران 110 کەسن.

وەزارەتەکە کۆبوونەوەیەکی بە سەرپەرشتی، کانگ ئین سون، جێگری وەزیری دەرەوە کرد بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکۆڵینەوە لە ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ دابینکردنی پاراستنی سەلامەتی بۆ هاووڵاتییانی کۆریای باشوور لە ناوچەکە کردووە.

هۆشداریی سەفەری "ئاستی 3"، یان هۆشداریی ڕۆشتن، بۆ هەموو ناوچەکانی ئیسرائیل و لوبنان دەرچووە و "ئاستی 4" یان قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ کەرتی غەززە دەرچووە.

لە کاتێکدا زۆربەی ناوچەکانی ئێران لەژێر هۆشداریی سەفەری "ئاستی دوو"دان و دوورکەوتنەوە لە گەشتە ناپێویستەکان جگە لە هەندێک ناوچەی سنووری ئێران.

جگە لەوەش بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای لە هاووڵاتییانی تورکیا کردووە کە خۆیان لە "گەشتێکی ناپێویست بۆ لوبنان" بەدوور بگرن و ئەوانەی ئێستە لە لوبنانن "بەجێ یبهێڵن" لەکاتێکدا گەشتە بازرگانییە مەدەنییەکان هێشتا کار دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دەبێت هاووڵاتییانمان لە لوبنان وریا بن و نەچنە پارێزگاکانی نەبەتییە، باشووری لوبنان، بقاع، و بەعلبەگ-هەرمێل، تەنیا لە حاڵەتی پێویستیدا نەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، پێویستە هاووڵاتییانی تورکیا لە ماڵپەڕە فەرمییەکان و هەژمارە سۆشیالمێدیاییەکانی وەزارەت و باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەیروت بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان بکەن.

لە هەمان چوارچێوەدا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دوێنێ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا "نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی لەڕادەبەدەر ناجێگیری لوبنان" دەربڕی و داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بەزووترین کات جێ بهێڵن.

هەموو ئەم بانگەوازانە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمەریکی و ئیسرائیل پێشبینی دەکەن، ئێران و حزبوڵلا ڕۆژی دووشەممە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنییە، لە تاران و فوئاد شکور لە لوبنان.

Fly Erbil Advertisment