بەڕێوەبەری باجی خانوبەرەی دهۆک: ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیان سوودیان لە بڕیاری لێخۆشبوونی باج وەرگرتووە
بەڕێوەبەری باجی خانوبەرەی دهۆک ڕایگەیاند، بڕیاری لێخوشبوونی زیادەی باج، دەرفەتێکی باش بوو بۆ هاووڵاتیان، دەشڵێت: لە مانگی نیسان ئەو بڕیارە دەرچووە بەڵام ئەوە دووەم جارە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێژ دەکرێتەوە.
ژاڵە زیرەک، بەڕێوەبەری باجی خانوبەرەی دهۆک بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "بڕیاری لێخوشبوونی زیادەی باج، دەرفەتێکی باش بوو بۆ هاووڵاتیان، هەروەها کارێکی زۆر کراوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی قەرزاری باجن و چەند ساڵە باجیان نەداوە، ئێستە سوودمەند دەبن لەو بڕیارە.
گوتیشی: بەشێک لە هاووڵاتییان زیاتر لە 10 ساڵە قەرزارن و باجیان نەداوە، ئەوانە لەو بڕیارە سوودمەند دەبن، دەشڵێت: لە مانگی نیسان ئەو بڕیارە دەرچووە بەڵام ئەوە دووەم جارە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێژ دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو بڕیارە بووەتە پاڵپشتییەک بۆ هاووڵاتیان کە بێت و باجی خۆی بدات". گوتیشی: ڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتیان سەردانی فەرمانگەی باجیان کردووە و باجیان داوە، چونکە ئەوانەی چەند ساڵە باجیان نەداوە سوودی هاتووەتە سەر بەڵام بەهۆی ئەو بڕیارە، سوودەکە هەڵگیراوە تەنیا باج دەدەن.
هەروەها لە 23ـی تەمموزی 2024، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان و پیشەوەرانی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی چەند باجێک لەسەر هاووڵاتیان ڕاگیرا.
لە نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر (چێشتخانە و هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان، سەمونخانە و نانەواخانەکان و زەویی بەتاڵ) کراوە.
هاوکات نووسراوەکە ڕوونی کردووەتەوە، تاوەکوو یەکلاییکردنەوەی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لەگەڵ دامودەزگا فیدراڵییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە، وەرگرتنی ئەو باجانە ڕادەگیرێت.