عەبدولڕەحمان سدیق: خەڵکی کوردستان و هەولێر چاوەڕوانی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بوون
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی، چاوەڕوانی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بوون، پێشی وایە ئەو بڕیاڕە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ پاراستنی ژینگە.
دووشەممە 5ـی ئابی 2024، عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو پاڵاوگانەی بڕیاڕی داخستنیان بۆ دەرچووە پێشتر ئاگادار کراونەتەوە و پێبژاردنی دارایشیان بۆ کراوە، بەڵام گوێیان بە هۆشدارییەکان نەداوە، ڕاشیگەیاند: هیچ پرۆژەیەک لە دەستەی ژینگە مۆڵەتی پێنادرێت ئەگەر لە سەدا 25 ـی ڕووبەرەکەی بۆ سەوزایی تەرخان نەکات.
عەبدولڕەحمان سدیق دەڵێت: ئەو پرۆژانەی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە، پێبژاردنی داراییان بۆ کراوە و نامەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ چووە، بەڵام گەیشتە ئەو قۆناغەی کە ئەو پرۆژانە گوێیان بە پێبژاردن نەماوە، گەیشتنە دوا هەنگاو کە داخستنی پاڵاوگەکان بوو، دوای داخستنیش کۆتایی هێنانە بە کارەکانی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە، چونکە خۆی پاڵاوگەکان نایاسایین و خۆشمان دەڵێین کە نایاسایین، بۆیە نابێت هەبێت کە نایاسایین، دەشڵێت: ئەو هەنگاوە زۆر باش بوو، خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی چاوەڕوانی بوو، ئێمە لە دەستی ژینگە کردوومانەتە مەرج کە ڕووبەری هەر پرۆژەیەک سەدا 25 سەوزایی بێت.
پارێزگاری هەولێر داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری شارەکە ڕاگەیاند و ئیدی لەمەدوا ئەو گاز و دووکەڵ و پاشماوە پیسانەی لە پاڵاوگەکان دەردەچن بە ئاسمانی شارەكەدا بڵاونابنەوە. ئەمەش دوای ئەوەی پاڵاوگەکان بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی پیسکردنی ژینگەی هەولێر. ئەم بڕیارانەی پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی راسپاردە و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی پاراستنی ژینگە.
لە پاڵ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت درا بە پاڵاوگە یاساییەکان بۆ ئەوەی مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن. هاوکات، داواش لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە مەرجەکانی ژینگەپارێزی لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بکەن. لەهەمان کاتدا فەرمان بە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان کرا، گازی کوالێتی بەکاربهێنن و یەک هەفتە مۆڵەتیشیان پێدرا تا مۆلیدەکانیان بگۆڕن بۆ بێدەنگ.
هەروەها لە یەکێک لە بڕیارەکانی پارێزگای هەولێردا هاتووە، هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت و دوای ئەوە بەڵێننامە لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت تا ئەو کاتەی چارەی کێشەکە بکات.