بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی یانە كوردستانییەكان تا دێت گەرمتر دەبێت

كوردستان24 لە راپۆرتێكدا دوایین گرێبەست و دەنگۆیەكانی بازاری گواستنەوەی یاریزانان بڵاو دەكاتەوە، 3 یانەی كوردستانی داوای یاریزانێكی پیشەگەری كوردی ئەورووپا دەكەن، لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی گازی باكوور بۆ خولی نایابی عێراق بەلێشاو یاریزانی نوێ دەگوازێتەوە.

یانەی گازی باكوور زۆرترین گۆڕانكاری كردووە
یانەی گازی باكوور دوای ئەوەی مەحموود مەجیدی وەكو راهێنەری نوێی یانەكە بۆ خولی نایابی عێراق دەستنیشان كرد، ئیدارەی یانەكە دەستی بە گواستنەوەی یاریزانان كردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، یانەی گازی باكوور گفتووگۆی لەگەڵ 3 یاریزانی خولی نایابی كوردستان دەست پێ كرد، لەگەڵ دووانیان بە فەرمی رێككەوت كە پێكهاتبوون لە (عومەر محەمەد و هەمزە عەباس) هەردووكیان وەرزی رابردوو یارییان بۆ چوارقوڕنە كردووە، بەڵام بابەتی گواستنەوەی بژار مەهدی ناوەراستكاری پێشمەرگەی هەولێر بە هەڵبەستراوی ماوەتەوە و پێشبینی دەكرێت لە چەند كاتژمێری داهاتوو گواستنەوەی ئەو یاریزانەش رابگەیەنێت.

.

 

تەقی فەلاح روویكردە نەورۆز
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، یانەی نەورۆز لەگەڵ تەقی فەلاح بەرگریكاری یانەی نەفتی وەسەت گەیشتووەتە رێككەوتن و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
تەقی تەمەنی 30 ساڵە، پێشتر یاریی بۆ تیپی تازەپێگەیشتووانی هەڵبژاردەی عێراق كردووە، یاریزانی هێڵی بەرگری لای چەپە، لە 2019 پەیوەندی بە یانەی هەولێر كرد، پێشتر یاریی بۆ یانەكانی زاخۆ، ئەلحوسێن، سناعە، سناعات كارەبایی و ئەمانەی بەغداش كردووە.

.

 

پێشمەرگەی سلێمانی گۆڕانكاری كردووە
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوو ساڵە لەسەریەك هەوڵ بۆ گواستنەوەی رێزدار وەلی هێرشبەری یانەی سۆران دەدات، ئەمجارەیان خەریكە هەوڵەكانیان سەردەگرێت و رەنگە بۆ وەرزی داهاتوو ئەم گۆڵكارە كوردەی یانەی سۆران لە خولی نایابی عێراق یاریی بۆ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەكات.
لە لایەكی دیكەوە، ئەمڕۆ شەعبان مەحموود ناوەراستكارە كوردەكەی ئاكرێ ماڵئاوایی لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی كرد و بۆ دوو وەرز واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەی ئەمانەی بەغدا كرد.

.

 

3 یانە لەسەر ئەحمەد عەلی لە كێبڕكێ دان
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، یانەكانی هەولێر، دهۆك و زاخۆ داوای گواستنەوەی ئەحمەد عەلی ناوەراستكاری هەڵبژاردەی عێراق دەكەن.
ئەحمەد عەلی یاریزانی كوردە و خەڵكی دهۆكە و بەڵام لە ئەورووپا پێگەیشتووە و لە خولی فەرەنسا دەركەوتووە و یاریزانی یانەی ریۆنی فەرەنسییە.

بەرگریكاری بەرازیلی پەیوەندی بە هەولێر دەكات
سەرچاوەیەكی تایبەت بە كوردستان24ـی راگەیاند یانەی هەولێر لەگەڵ بەرگریكاری بەرازیلی گەیشتووەتە رێككەوتنی سەرەتایی، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەسەر ناو و ناونیشانی ئەو یاریزانە بڵاوبكرێتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی هەولێر لە گەڕانەوەی ئیڤان خالید ناوەراستكاری كوردی یانەی كارەبا نزیك بووەتەوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە بڵند حەسەن هێرشبەری كوردی پیشەگەری خولی هۆڵەندا لەگەڵ یانەی هەولێر لە گفتووگۆدایە.

.

 

چارەنووسی فرینك سیدریك یەكلایی بووەوە
فرینك سیدریك هێرشبەری پیشەگەری كامیرۆنی یانەی زاخۆ، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی هەولێر نەگەیشتە رێككەوتن، ئەم یاریزانە راستەوخۆ پەیوەندی بە یانەی گەرمە كرد كە ئەم وەرزە بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق سەركەوتووە.
فرینك سیدریكی 29 ساڵ، پێشتر یاریی بۆ یانەكانی قوە جەوییە و كارەباش كردووە، چەندان ساڵیش لە خولی توونسی یاریی كردووە.

.