سیروان عەبدوڵڵا: داخستنی پاڵاوگەکان کاریگەریی لەسەر دابین کردنی بەنزین نابێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ڕایگەیاند "داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، هیچ کاریگەریی لەسەر بەنزین نابێت. دەشڵێت: پارێزگای هەولێر ڕۆژانە پێویستی بە سێ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.

سیروان عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، هیچ کاریگەریی لەسەر بەنزین نابێت، لەبەر ئەوەی لە پاڵاوگەکانی، کار،لاناز و قەیوان بەرهەم دەهێنرێت. هەروەها لەدەرەوەش هاوردە دەکرێت. گوتیشی: ئەو پاڵاوگانەی ئێستا داخراون تەنها کاریگەری لەسەر گازوایل دەبێت، بەتایبەتی گازوایلی مووەلیدە ئەهلییەکانی ناو گەڕەکەکان.

سیروان گوتیشی: تەنیا پارێزگای هەولێر ڕۆژانە پێویستی بە سێ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، ئەو بڕەش نزیکەی یەک ملیۆن لیتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ پاڵاوگەکان دابین دەکرێت، ئەوەی دیکە پاڵاوگە ناوخۆییەکان دابینی دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەنزینەی لەو پاڵاوگانە بەرهەم دەهێنرێت جۆری "نۆرماڵ"ـە و باشە، هەروەها بەنزینی سوپەر و موحەسەنیش هاوردە دەکرێت.

دەشڵێت: هەندێک لەبازرگانەکان لەجیاتی بەنزین گیراوەیەک تێکەڵی یەکتر دەکەن و دەیفرۆشنەوە، بۆیە ئێمە باسی بەنزینی نۆرماڵی باش دەکەین کە سەرچاوەکەی هی ئەو پاڵاوگانەیە، لەبارەی چاودێریکردنی ئەو بەنزینخانانە گوتی: قایمقامیەتی هەولێر لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی دابەشکردنی نەوت و کانزاکان، چاودێریی ئەو بەنزینخانانە دەکەن و هەفتانە چەندین بەنزینخانە سزا دەدرێت و دادخرێت.

بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزیخانە ئەهلییەکان بە 850 دینارە، هەروەها بەنزینی حکوومەتیش بە 750 دینار دابەش دەکرێت، ئەگەر لەو نرخە کەمتر بوو، ئەوە بەنزینەکە باش نییە.

Fly Erbil Advertisment