هەولێر.. وادەی گەیشتنەوەی ئاوی ئیفرازی سێ بە ماڵان ڕاگەیەندرا
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کارەکانی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێی بەسەر کردەوە و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-08-2024، ئاوی ئیفراز سێ دەگاتەوە ماڵان.
ساڵی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر داوای هاووڵاتییان، 20 ملیار دیناری بۆ گۆڕینی بۆڕییەکان و فراوانکردنی کارەکانی هەردوو پرۆژەی ئاوی ئیفراز دوو و سێ لە سنووری پارێزگاری هەولێر تەرخان کرد.
بە گوتەی پارێزگای هەولێر، دوای تەواوبوونی کارەکان، بەرهەمێنانی ئاو لە هەردوو پرۆژەی ئاوی ئیفراز دوو و سێ، 2500 مەتر سێ جا لە کاتژمێرێکدا زیاد دەبێت.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، بڕیار وابوو کارەکانی چاککردن و فراوانکردنی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، 34 کاتژمێر بخایەنێت، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی هەندێک کێشەی نوێ لە کاتی کارکردن، پرۆسەکە چەند کاتژمێرێکی دیکەش دەخایەنێت و جەختی کردەوە، کارەکان بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ تەواو دەبن.
لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوار لە هەولێر، ئومێد خۆشناو گوتی، "پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە، وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی سعوودی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە کردووە، بەڵام دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق و بەتایبەت وەزارەتی دارایی ڕێگرە لە دەستپێکردنی کارەکان، چونکە ڕەزامەندی ئەوی پێویستە. هیودارین لە زووترین کاتدا ئەو کێشەیەش چارە بکرێت".
پارێزگاری هەولێر ڕوونیشی کردەوە، تەنها ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 100 بیریان بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگاکە هەلكێندرابوون، بەڵام وەکوو خۆی گوتی، ئەمساڵ زیاتر لە 25 لەسەدی ئەو بیرانە وشکیان کردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت، لەمەودوا هەوڵ بدرێت زیاتر سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت، نەک ژێر زەوی، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی ئیفراز چواریان داوە.