کەرکووک.. خۆپیشاندانی دەرچووانی بەشی پزیشکی دەستی پێ کرد

کوردستان24- هێمن دەلۆ
کوردستان24- هێمن دەلۆ

لەکەرکووک دەرچوانی بەشی پزیشکی دژی دانەمزراندیان خۆپیشاندانیان کرد، چونکە بەگوێرەی یاسای عێراقی پێویستە دەرچووانی بەشی پزیشکی دوای تەواوکردنی خوێندنیان ڕاستەوخۆ دابمەزرێن، بەڵام ئێستا وەزارەتی تەندروستی عێراق بڕیاری داوە لەکۆی 60 هەزار دەرچووی سەرجەم پارێزگاکان، تەنیا 29 هەزاریان دادەمەزرێندرێن.

بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان، پێنج هەزار دەرچووی بەشی پزیشکی لە سنووری کەرکووکدا هەن، کە ئەمڕۆ لەبەردەم فەرمانگەی تەندروستی خۆپیشاندان دەکەن، لەوبارەوە خۆپیشاندەرێک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە ئەمڕۆ گردبووینەتەوە و داوای مافی خۆمان دەکەین، چونکە بەپێی یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2000، ئەبێت هەموو دەرچوانی بەشی پزیشکی دابمەزرێن".

گوتیشی: "وەزیری تەندروستی باسی لەوە کردووە کە هەموومان دانامەزرێین، بەڵکو لە 60 هەزار دەرچوو تەنیا 29 هەزار دەرچوو دادەمەزرێن، بۆیە ئێمە چەندین جارە خۆپیشاندان دەکەین تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە."

یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەران دەڵێت: "ئێمە زنجیرەیەک خۆپیشاندانمان لە ناوچەی سەوز و بەردەم وەزارەتی دارایی کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، نوێنەرەکانمان لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە و ئەو گوتی من هەموو پاڵپشتییەکی دارایی تەرخان دەکەم، بەڵام پێویستم بەنووسراوی وەزیری تەندروستییە."

دەرچوویەکی دیکەی خۆپیشاندەر ڕایگەیاند، "ئێمە وەکو دەرچووی بەشی پزیشکی گردبووینەوە و داوای مافی خۆمان دەکەین، بۆیە تاوەکو مافی خۆمان وەرنەگرین لێرە ناڕۆینەوە."

خۆپیشاندەرانی دەرچووانی بەشی پزیشکی لەکەرکووک
خۆپیشاندەرانی دەرچووانی بەشی پزیشکی لەکەرکووک