ئومێد خۆشناو: داخستنی پاڵاوگەکان پرۆسەیە و بەردەوام دەبێت
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ڕایگەیاند: بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لە ساڵی 2022 جێبەجێ کراوە و لەو کاتەدا سەدا پەنجا پاڵاوگەی نایاسایی داخران.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بەردەوام دەبێت، لەبەرامبەردا لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە کاری پاڵاوگەکان لەچوارچێوەی یاسادا ڕێک بخات.
چوارشەممە 7ـی ئابی 2024، ئومـێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پرۆسەیە و بەردەوام دەبێت. گوتیشی: پاریزگاریی لە ژینگەی هەولێر لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە. ئاماژەی بەوە کرد "ئەو پاڵاوگانە چەندین ساڵە هەن، لەماوەی ساڵی 2022هەڵمەتێکدا سەدا پەنجای پاڵاوگە نایاساییەکانیان کەم کردەوە".
پاریزگاری هەولێر گوتی: هەر پاڵاوگەیەک و کارگەیەک و هەر شوێنێک ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگەی هەولێر، ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر. لە بەرانبەردا، کە ئەو کۆمپانیانە کاریان ڕێک دەخرێتەوە چونکە بەشێکن لە ئابووریی هەرێم. گوتیشی: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەچوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی خۆی، کاری ئەو پاڵاوگانە ڕێک دەخاتەوە.