وەزیری کشتوکاڵ داوا لە بەغدا دەکات بەزووترین کات مەرزەکان دابخاتەوە
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵدا دەکەن بۆ داخستنەوەی مەرزەکانی عێراق و هەڵگرتنی قەدەغەی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیارانی سنووری پێنجوێن کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ، کۆبوونەوەکە سەبارەت بە چارەکردنی گرفتەکانی بەبازاڕکردنی بەروبوومەکانیان لە بەرهەمەکانی شووتی و کاڵەک و خەیار و پیازو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان کە بەرهەمی کوالێتی بەرزن و توانای دابینکردنی پێویستیەکانی بازاڕی ناوخۆییان هەیە. وەزیری کشتوکاڵ بڕیاری دا گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵدا بکرێت بۆ داخستنەوەی مەرزەکانی عێراق و هەڵگرتنی قەدەغەی هاوردەکردنی بەرهەمەکان بۆ ئەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پێنجوێن بەبازاڕ بکرێت.
وەزیری کشتوکاڵ بڕیاری دا نوسراوێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری بکرێت لە عێراق، هاوکات لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی بەزووترین کات مەرزەکان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق دابخرێنەوە تاکوو جووتیارانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەند نەبن، ئەمەش لەچوارچێوەی هەماهەنگیی و هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت بەپێی ڕۆژمێری کشتوکاڵیی نێوان هەردوولا.