سێنتکۆم: هێرشی کردە سەر وێستگەیەکی زەمینیی حوسییەکان
هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند "لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی چەند چەکێکی حوسییەکانی یەمەنی لەناو بردووە".
سێنتکۆم لە بەیاننامەکدا ئاماژەی بەوە کردووە "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و وێستگەیەکی کۆنترۆڵی زەمینی و سێ مووشەکی کروزی دژە کەشتییان لەناوچەیەکی حوسییەکان لە یەمەن لەناو بردووە".
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ئەوەشی ڕاگەیاند "کە ئەم چەکانە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە".
ئاشکراشی کرد: ئەم هەڵسوکەوتە مەترسیدارەی حوسییەکان بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
دوێنێ چوارشەممە حوسییەکان هێرشی سەر دوو کەشتی تێکدەری ئەمەریکی و کەشتییەکی دیکەی لە دەریای سوور، ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە یەحیا ساری، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە حوسییەکان، لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند "بەردەوامین لەسەر هێرشەکانمان دژی زوڵم و چەوساندنەوەی گەلی فەڵەستین و وەڵامی دەستدرێژیی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی دەریایی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەشیان کرد، تێیدا کەشتیی "Contship Ono "یان بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە دەریای سوور پێکا.
هەر دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند "کە لە نێوان مانگی نۆڤەمبەری 2023 تا مانگی تەممووزی ڕابردوو، 170 کەشتییان پێکاوە کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە".
ڕوونیشی کردەوە، ئەو کەشتیانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانیان پێکراون، 41 کەشتیی ئیسرائیلی و 72 کەشتیی ئەمەریکی و 12 کەشتیی بەریتانی بوون.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کراوە، "لە ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەو کەشتیانەیان پێکراون کە لە دەریای سوور، دەریای عەرەبی، زەریای هیندستان و دەریای ناوەڕاست تێپەڕیون، لەگەڵ 45 کەشتیی سەر بەو کۆمپانیانەی کە پێشێلیی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتنی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی فەڵەستینی داگیر کراو".
هەروەها پێکرانی کەشتییەکانی ئیسرائیل بەم شێوەیە دابەش کراوە:
7 کەشتی لە زەریای هیندی، 6 کەشتی لە دەریای عەرەبی، 8 کەشتی لە کەنداوی عەدەن، 18 کەشتی لە دەریای سوور، 2 کەشتی لە دەریای ناوەڕاست