ئافرەتانی زیقار دژی هەمواری یاسای باری کەسێتی خۆپیشاندان دەکەن

خۆپیشاندانی ئافرەتانی عێراق - وێنە: AFP
خۆپیشاندانی ئافرەتانی عێراق - وێنە: AFP

K24 – زیقار:

هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئافرەتانی زیقار دژی هەوڵەکانی هەمواری یاسای باری کەسێتی خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە داوادەکەن ڕێگریی لە هەموارکردنەوەی بکرێت.

ئافرەتانی زیقار دەڵێن، یاسا کۆنەکە 70 ساڵە کاری پێدەکرێت و ئاماژەیە بۆ شارستانیبوونی عێراق، ئێستا هەندێک لایەن دەیانەوێت لە ڕێگەی هەمواری یاسای باری کەسێتییەوە عێراق دابەشبکەن و هاوسەرگیریی منداڵان بە یاسایی بکەن.

یەکێک لە خۆپیشاندەران بۆ کوردستان24 گوتی: "چالاکوانان و ئافرەتانی زیقار ئەم خۆپیشاندانەمان رێکخستووە بۆ دژایەتیکردنی هەمواری یاسای باری کەسی، یاساکە سەرکوتکاری دژی ئافرەتان تێدایە هەروەها سەرجەم مافەکانیان پێشێل دەکات، ئەو مافانەی بەهۆی یاسا کۆنەکەوە بەدەستهاتوون. ژمارەیەک فراکسیۆنی پەرلەمانی دەیانەوێت ئەم یاسایە هەمواربکەنەوە و دەستکەوتەکانمان لێوەرگرنەوە، بابەتی هاوسەرگیری منداڵان و مافی لێوەرگرتنەوەی بەخێوکردنی تێدایە".

ئافرەتێکی دیکەی زیقار گوتی: وەک ئافرەتانی زیقار خۆپیشاندانمان کردووە بۆ ئەوەی یاسای باری کەسێتی بپارێزین و ڕێگریی لەوەبکەین هەمواربکرێت. یاسا کۆنەکە لەلایەن زۆرینەی دەوڵەتانەوە رێزی لێدەگیرێت و ئاماژەیە بۆ شارستانی بوونی عێراق، ئێستا هەڵمەتێکی شەڕانگێزانە لەسەر ئەم یاسایە هەیە و دەیانەوێت وای لێبکەن لەگەڵ مرۆڤایەتی نەگونجێت.

هاوکات یەکێکی دیکە لە ئافرەتە خۆپیشاندەرەکان باسی لەوەکرد: بەداخەوە گەیشتووینەتە ئەم قۆناغە و هەوڵی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەدرێت. لە ڕاستیدا ئەمە هەموار نییە بەڵکو کوشتنی یاساکەیە. کوشتنی ئافرەت و مافەکانییەتی. نەک بەندێک یاخود دوو بەند بەڵکو زۆرینەی هەموارەکە دژی ئافرەتانە. یاساکە باسی هاوسەرگیریی منداڵان دەکات، باسی لێسەندنەوەی مافی بەخێوکردن و تەنانەت هاوسەرگیریی بۆ چێژ دەکات، ئەمە قبوڵکراو نییە.

هەروەها ئافرەتێکی دیکە لەوبارەیەوە گوتی: ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تا ڕەتی هەمواری یاسای باری کەسێتی بکەینەوە، چونکە یاساکە دەبێتە هۆکاری لەبەریەک هەڵوەشاندنی کۆمەڵگەی عێراقی. یاسا کۆنەکە 70 ساڵە کاری پێدەکرێت و هۆکاری پێکەوەیی کۆمەڵگە بوو، ئێستا هەندێک لایەن چاویان لەوەیە دابەشمان بکەن.

بەشێک لە فراکسیۆنە شیعەکان دەیانەوێت هەمواری یاساکە بکەن و هەر ئافرەت و پیاوێکی عێراقی لەکاتی هاوسەرگیریدا بتوانن مەزهەبیان دیاری بکەن، بەمەش ئەگەر مەزهەبی جەعفەری بە نموونە وەربگیرێت، دەتوانرێت کچ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەشوو بدرێت و کوڕیش لە تەمەنی 15 ساڵیدا زەماوەند بکات، ئەمە و چەند خاڵێكی دیكەش كە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و بەتایبەتی ئافرەتان، تێپه‌ڕاندنی یاساكه‌ به‌ مەترسیدار ناودەبەن و پێیان وایە ئه‌و هه‌مواركردنانه‌ی خراونه‌ته‌ڕوو، عێراق زیاتر دابه‌ش ده‌كات. 

هەمواری یاسای باری کەسێتی کە لە پەرلەمانە، ڕۆژی 24ـی تەمموزی ڕابردوو بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 4ـی ئەم مانگە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارەکە کرا.

پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سیی، له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانتارانی عێراق كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ جۆرێك به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌دان و به‌ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران و له‌خۆگرتنی منداڵان له ‌دوای جیابوونه‌وه‌ داده‌نێن. به‌شێكیش هه‌مواره‌كه‌ به‌ بۆمبی چێنراو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ناو ده‌بن و داوای ڕاگرتنی هه‌مواره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

له‌و باره‌‌وه‌ ڕائید مالیكی، له ‌لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان پێی وایه‌ "گرنگترین ئه‌و بڕگانه‌ی هه‌موار ده‌كرێنه‌وه‌، ئازادیی ته‌واو بۆ‌ تاكی عێراقی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات". به‌گوته‌ی مالیكی "یاسا پێشنیازکراوەکە بڕگەکانی ماددەی 41ـی دەستوور جێبەجێ دەکات، کە تێیدا هاتووە: عێراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسیی خۆیانەوە، بە پێی ئایین و مەزهەب و بیروباوەڕ، یان هەڵبژاردن و ئەمەیش بە یاسا ڕێک دەخرێت".

سه‌باره‌ت به‌ به‌خێوكردنی منداڵ دوای جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، محه‌مه‌د خه‌فاجی، له ‌لیژنه‌ی یاسایی گوتوویه‌تی، "ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ باره‌ی هه‌مواری یاساكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مادده‌ی 57ـی په‌یوه‌ست به‌ به‌خێوكردنی منداڵ." گوتیشی، هه‌مواره‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵكشانی حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، پاراستن و دادپه‌روه‌ری بۆ خێزان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.

له ‌هه‌مواره‌كه‌دا پێشنیازی سه‌رپه‌رشتیی منداڵ، به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان دایك و باوك له ‌ژینگه‌یه‌كی هاوسه‌نگدا كراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌.