ئیمان ڕەحمان: زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار وەك پێشینە دراوەتە هاووڵاتییان و نیوەی زیاتریشی نەگەڕێندراوەتەوە
K24 – هەولێر:
بەڕێوبەری پێشینەکان لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی وەک پێشینە دراوەتە هاووڵاتییان چوار ترلیۆن و 142 ملیار دینارە و نزیکەی دوو ترلیۆن و 491 ملیار دینار لای هاووڵاتییان ماوە.
9ـی ئابی 2024، ئیمان ڕەحمان، بەڕێوبەری پێشینەکان لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕێنمایی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پێشینەکان، پێشنیازیان کردووە لێخۆشبوون لە سوودی دواکەوتن و هەروەها ڕێژەیەکی قەرزەکە دەربکرێت.
ئیمان ڕەحمان جەختی کردەوە: یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکانیان بریتییە لە درێژکردنەوەی ماوەی گەڕانەوەی پێشینەکان و هەر سێ پێشنیازەکەشیان لەپێناو ئاسانکاری و هاوکارییکردنی هاووڵاتییانە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
ئەو بەڕێوەبەرە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی کاردەکەن بۆ گەڕانەوەی پێشینەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزارەتی دارایی و ئابووریی، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ئەو هاووڵاتییانە بکەن کە پێشتر لە وەرگرتنی پێشینەکان سوودمەند بوونە.
ڕوونکردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبارەی وەرگرتنەوەی پێشینەکان