عێراق لە ماوەی 10 ساڵدا 50 ملیار دۆلار پارەی وەبەرهێنانی لەدەست داوە

ئامارەکان دەریانخستووە کە عێراق لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا زیاتر 50 ملیار دۆلاری لە پارەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لەدەستداوە، کە پێنج ملیار دۆلار لە ساڵی ڕابردوو بووە، ئەوەش بەهۆی لاوازی متمانەی وەبەرهێنەران و نەبوونی بیمەی پارەکانیان بووە.
مەنار عوبێدی توێژەری ئابووری، لە دوایین ڕاپۆرتی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ نووسیویەتی، "لەساڵی 2023، زیاتر لە پێنج ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی بیانی لە عێراق چووەتە دەرەوە، هەروەها لە ساڵی 2013 تا ساڵی 2023 عێراق 52 ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی بیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، وەبەرهێنانی بیانی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ وڵاتان لە هاندانی گەشەی ئابووری و هەلی کار، هۆکاری سەرەکی دەرچوونی ئەو وەبەرهێنانانە لە عێراق تێکچوونی ژینگەی بازرگانی و نەبوونی یاسای ڕوون بۆ پاراستنی سندوقی وەبەرهێنەرانی بیانییە.
عوبێدی، دەرخستنی ئەو بڕە پارە و بردنەدەرەوەیانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پرۆگرامەکانی پاڵپشتیی کەرتی تایبەت تەنها دروشمن و بیرۆکەی هەمەلایەنی و سۆسیالستی بەسەر بیرکردنەوەی زۆربەی دامەزراوە حکوومەتییەکاندا زاڵە و ئامانجی دەستەی وەبەرهێنەرەکان لە پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی گشتی، وەبەرهێنانە لە کەرتی خانووبەرە، بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە وەبەرهێنان لە بوارەکانی وزە و پاشخانی ئابووری و پرۆژەگەلی بەرهەمهێنان.