بەهجەت یەحیا گوڵاڵە بڵاو دەکاتەوە

لە دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانییەک بۆ سەری سپی و بەفر هەڵگەڕاوی هونەرمەندی گەل "بەهجەت یەحیا" دوا بەرهەمی گۆرانی خۆی بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاو کردەوە.
ئەو بەرهەمەی هونەرمەند ناوی نراوە "گوڵاڵەی گوڵستان"، میوزیک و دابەشکردنی ئەو بەرهەمە نوێیەی بەهجەت یەحیا کاری "ئارام سەردار"ـە و ڕێبین سالار بە سەنتور و و خەلیل عەبدوڵڵاش بە نایە زوڵاڵەکەی لەم کلیپەدا بەشدارن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش زۆرترین بینەری هەبووە.
ئەگەرچی بڕیار بوو "نامەی پیری" و "فەنابوون" بکات بە کۆتا بەرهەمەکانی لە ئەزموونی هونەریی خۆیدا، بەڵام هەوادار و عاشقانی دەنگی ئەو هونەرمەندە داوایان کرد، کە گەنجینەی دەوڵەمەندی خۆی لە دنیای ئاواز و گۆرانی بە داخراوی جێ نەهێڵێت و لە کاروانی هونەردا بەردەوام بێت و پیری نەکات بە ڕێگر لە بەرهەمەکانی.
وەک خۆشی لە لێدوانێکیدا بۆ "کوردستان24" دەڵێت: بڕیارم دابوو 'نامەی پیری' بکەم بە دوا کاری هونەریم، بەڵام خۆشەویستیی خەڵک و هونەردۆستانی کوردستان وای لێم کرد جارێکی دیکە لەگەڵ ستافێکی پڕۆفیشناڵ لە میوزیک و گۆرانی دا ئەو بەرهەمە نوێیەم لەم وەرزی هاوینەدا بڵاو بکەمەوە.
