لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی عێراق خۆپیشاندانە و توندوتیژی لێ کەوتەوە
زیاتر لە هەزار دەرچووی پیشە تەندروستییەکان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەتەوە و لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین داوای دامەزراندن دەکەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەلاماردران.
خۆپێشاندەران کە هەموویان لە دەرچووانی پیشە تەندروستییەکانن داوای پشکی دامەزراندنی ڕاستەوخۆی ناوەندی دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە وەزارەتی تەندروستی بەر لە هەمواری یاسای پیشە تەندروستییەکان و بە سەرەکی دانانی دامەزراندنی پزیشکە دەرچووەکان، کارکردنی بە یاسا کۆنەکە ڕاگرتووە کە دەرفەتی دامەزراندنی پیشە تەندروستییەکانی دەدات.
بەهۆی فراوانی و زۆری ژمارەی خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنیان کەوتنە وێزەی خۆپیشاندەران و ژمارەیەک لە دەرچووانی پیشە تەندروستییەکان بریندار کران، ئەمەش چەند ساڵێکە بووەتە دیاردەی خۆپیشاندانی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە عێراق، لە بری پێدانی ماف و دامەزراندن، بەرشەق دەدرێن.
دوای هەمواری یاسای دامەزراندنی پزیشکە دەرچووە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، ئێستا دەرچووانی کۆلێژەکانی دەرمانسازی، پزیشکی ددان، تەکنیکە پزیشکییەکان و شیکاری نەخۆشییەکان مافی دامەزراندنیان نییە لە کەرتی گشتیی بەهۆکاری ئەوەی ژمارەی ئەو پسپۆریانە لە ڕادە بەدەربووە لە نەخۆشخانە حکوومییەکان.