ئۆکرانیا وێستگەیەکی ئەتۆمی بۆردومانی کرد

ڤلادیمێر ڕۆگۆڤ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری سەروەری لە ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتیی گشتیی ڕووسیا ڕایگەیاند، پاش بۆمبارانی وێستگە ئەتۆمییەکانی زاپۆرۆژێ لە لایەن  فڕۆکەکانی ئۆکرانیا،  ئاگر لە تاوەری ساردکەرەوەی وێستگەکە کەوتەوە.

ڕۆگۆڤ لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا ڕایگەیاند "ئیستە، ئاگری ویستگە ئەتۆمییەکە بە تەواوی کوژاوەتەوە، پاش ئەوەی لە لایەن هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیاوە بۆمباران کرا".

پێشتر یێڤگنی پالێتسکی، پارێزگاری پارێزگای زاپۆرۆژێ ڕایگەیاندبوو، لە ئەنجامی بۆمبارانی وێستگەکە لە لایەن ئۆکرانیا، ئاگر لە سیستەمی ساردکەرەوەی وێستگەکە کەوتەوە.

بە گوتەی ناوبراو، هەر شەش یەکەی کارەبای وێستگەکە لە دۆخی کوژانەوەی سارددا ماونەتەوە، هیچ مەترسییەکی تەقینەوەی تێدا نییە، ئاستی تیشکی دەوروبەری وێستگەکە و شاری ئێنێرگۆدار لە سنووری ئاساییدا ماوەتەوە، هەروەها ئاگرەکە کاریگەری لەسەر کاری وێستگەکە نەبووە.

تاوەری ساردکەرەوە ئەو ئامێرانەن کە بەکاردەهێنرێن بۆ ساردکردنەوەی گەرمی پێکهاتوو لە کارکردنی ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی وزە، بە  بەکارهێنانی بڕێکی زۆر ئاو. لە پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەی کیمیایی و وێستگەی کارەبا و بەرهەمهێنانی کارەبادا بەکاردەهێنرێن.

هێزەکانی کیێڤ جارجارە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆرۆژێ بۆمباران دەکەن، بە مەبەست و بە ئەنقەست، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە.